ئاسۆ مامەند لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی کەرکوک کۆدەبێتەوە

کوردستان
20:29 - 2023-09-11

ئەمڕۆ دوو شەممە ١١-٩-٢٠٢٣ بە سەرپەرشتی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و بە ئامادەبوونی ستران عەبدوڵلا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن، و ئاڤێستا شێخ محەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی هەژدەی رۆژهەڵات، و دلێر قادر سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای راگەیاندن، لە هۆڵی چالاکییەکانی پەیمانگای عیلم لە شاری کەرکوک لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی کەرکوک کۆبووەوە.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر ئاسۆ مامەند ئاماژەی بە دۆخی سیاسی عیراق، هەرێمی کوردستان، کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کرد. 

لە بارەی ئاڵوۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگای کەرکوکیش  ئاسۆ مامەند جەختیی کردەوە؛ کەرکوک پارێزگایەکی فرە پێکهاتەیە و دەبێت بە وراییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، وتیشی؛ پێویستە رێگە بەو کەسانە نەدرێت کە هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخی کەرکوک دەدەن، چونکە تێکچوونی دۆخی کەرکوک لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە، و دەبێت ئەو واقیعە لەبەرچاو بگیرێت کە لە پارێزگاکەدا هەیە، بە پێچەوانەوە هەموو لایەک زەرەری تێدا دەکەن.

لەو رووەوە ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی جەختی کردەوە؛ کە پێویستە لەسەر دەستەبژێرانی پارێزگاکە بە هەموو رەنگەکانییەوە دوور لە ئینتیمای حزبی و وەک تیمێکی کەرکوکییانە قسەی جیاوازیان لەسەر رووداوو پێشهاتەکانی پارێزگاکەیان هەبێت، وتیشی؛ لەسەر دەستەبژێرانی کەرکوک پێویستە کە بە پڕۆژەو بەرنامەی هەمەجۆر هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گیرجو گرفتانە بدەن کە رووبەڕووی پارێزگاکە دەبێتەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی رایگەیاند؛ ئێمە ئەمڕۆ هاتووین تا لە نزیکەوە گوێ لە دەستەبژێر و رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان بگرین، بۆ ئەوەی بە یەکەوە گفتوگۆیەکی کەرکوکییانەی دۆستانە بکەین بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو گیروگرفتانەی کە رووبەڕووی پارێزگاکە دەبێتەوە.

لای خۆشیانەوە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان، ستایشی ئەو دەستپێشخەرییەی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند و مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتییان کرد کە هاتوون لە نزیکەوە گوێ لە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی پارێزگاکە بگرن، و رایانگەیاند؛ کە لای خۆیانەوە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان «پڕۆژەیەکی هەمەلایەن» بۆ کارکردن ئامادە دەکەن و دواتر بە پشتیوانی یەکێتیی هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن، لای خۆشییەوە ئاسۆ مامەند دڵنیایکردنەوە؛ کە بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پشتیوانیان دەبێت بۆ سەرخستنی هەر پڕۆژەو بەرنامەیەک کە لە لای ئەوانەوە پێشکەشی دەکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP