سه‌رۆك بافڵ: ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان

عێراق
18:13 - 2023-09-13

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کرد.

لەدیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەری دەستووری و سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەک بێت و سەقامگیریی ناوچەکە پارێزراوبێت.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ناکرێت گوزەرانی خەڵک و شایستەداراییەکان بە بابەتە سیاسییەکانەوە ببەسترێتەوە، چونکە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە کە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەموو هەنگاوێکیش لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە دەگرینەبەر. وتیشی، پاراستنی ئارامیی ناوچەکە ئەرکی هەموومانە و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت، هیچ سەقامگیرییەکیش بەدینایەت ئەگەر بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵنەبین و هەموومان لەپێناو داهاتوویەکی گەشتردا تێنەکۆشین.

دۆخی گشتیی هەرێم و پرسی هەڵبژاردن تەوەرێکیتری دیدارەکە بوون و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، پێویستە هەموو پرسە نیشتمانییەکان کۆدەنگیی هەموولایەنەکانی لەسەربێت و هەموو هەوڵێکیش لەدەرەوەی ئەو ئیرادەیە رەتدەکەینەوە، پێمانوایە پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزیمان پەیوەستە بە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیمانەوە، بۆ ئەمەش لەهەوڵەکانمان بەردەوامین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP