مسته‌فا چاوره‌ش: شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه‌كانی دژه‌تیرۆر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستییه‌

کوردستان
13:46 - 2023-09-19



ئەمڕۆ، ۱۹ ئەیلولی ۲۰۲۳ "مسته‌فا چاوڕەش" فەرماندەی هێزەکانی ۷۰ بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و بەڕێکردنی تەرمی شەهیدان "ئیڤان عدنان حسێن، ڕابەر ئەنوەر محه‌مه‌د، هیوا قادر حسێن"، له‌ وتەیەکشیدا وێڕای پرسەو سەرخۆشی له‌ بنەماڵەی هەر سێ شەهیدو هیوای زوو چاکبونەوەی بۆ بریندارەکان، ڕایگەیاند:" گەلی کورد هیچ کات هەڕەشەو مەترسی نەبووە بۆسەر هیچ لایەن و وڵاتێکی دراوسێووە ڕۆژگارێک ئەم پۆلە شەهیدەو هاوڕێیانیان لە هێزی پێشمەرگەو دژەتیرۆری کوردستان پارێزەری ناوچەکە و جیهان بوون لە هەڕەشە و مەترسی تیرۆرستان"

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد:" ئەم هێرشەی لە ئێستادا کراوەتە سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت کە کۆمەڵێک خوێندکار سەرقاڵی خوێندن بوون، بووەتە هۆی شەهید بوون و بریندار بوونی پۆلێک لە هەڤاڵانی دژەتیرۆری کوردستان جگە لە کردەوەیەکی تیرۆرستی هیچ پێناسەیەکی تر نیە"

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو:" لە ئێستادا و لەپێناو بەفیڕۆ نەچوونی خوێنی شەهیدەکانمان و لەدەستنەدانی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان، یەکڕیزی و تەبایی نێوان لاینە سیاسییەکان باشترین بژاردەیە کە یەکێتیی نیشمانیی کوردستان و هەڤاڵ مام جەلال بەردەوام جەختیان لە یەکڕیزی نێوان گشت لایەن و پێکهاتەکانی کوردستانی کردۆتەوەو  پێمانوایە لەو ڕێگەیەوە تۆڵەی شەهیدانمان دەتوانین بکەینەوە وە بە هێزەوە بەرامبەر دوژمنانی گەلەکەمان بوەستینەوە"

 فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70 هیواشی خواست ئەم ڕووداوەو ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی شاری کەرکوک کە بەداخەوە بوونە هۆی شەهید بوونی ژمارەیک لە هاووڵاتیانی کورد، هەوێنێک بێت بۆ ئاشتیی و تەبایی نێوان تەواوی لایەنە سیاسیەکان و دەرفەتێک بێت بۆ یەکگرتن و یەکخستنی نێوماڵی کوردی."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP