جارێكی تر ناحه‌زانی ئاسایش و ئارامی هه‌رێمی كوردستان به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، هێرشێكی نارە‌وایان كرده سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت و له ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك شه‌هید و برینداری لێكه‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی لێكه‌وته‌وه.
دلێر عه‌بدولخالق وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه، ئه‌مڕۆ له یه‌ككاتدا و له دو ڕوداوی هاوشێوه‌دا، فرۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت له سلێمانی و باره‌گای كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد كه‌نه‌كه له هه‌ولێر، له ڕێگه‌ی فرۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه كرانه ئامانج.
وتیشی: سه‌رباری سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و كرده ده‌ستدرێژیكارانه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان و عیراق، سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌كان و هیوای چاكبونه‌وه بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین.
وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دوپاتی كرده‌وه كه ئه‌م ڕوداو و پێشهاتانه، زه‌نگێكی مه‌ترسیدارن بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها لای خۆشیه‌وه، حزبی شیوعی كوردستان ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ئه‌نجامی ئه‌م كرده‌وه دوژمنكارانه‌یه‌دا, ئێمه له‌حزبی شیوعی كوردستان وێرای سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌م ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌رخاكی نیشتمانه‌كه‌مان و شه‌هیدو برینداركردنی رۆڵه‌كانی، هاوخه‌می بۆ كه‌سوكارو هه‌ڤاڵانی شه‌هیده‌كان و هیوای چاكبونه‌وه‌ی خێرا بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین. و داواكارین هه‌رچی زووه سه‌رچاوه‌ی ئه‌م تاوانه ئاشكرابكرێت و هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم بێده‌نگ نه‌بن له هه‌وڵی راگرتنی ئه‌م كاره دوژمنكارانانه كه پێشێلكارییه‌كی زه‌قی سه‌روه‌ری نیشتمانییه.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP