لوتكە و دێربی مەدرید ئەنجام دەدرێ

وەرزش
11:39 - 2023-09-24

یانەی ریاڵ مەدرید یەكێك لە تاقیكردنەوە قورسەكانی ئەم وەرزەی خولی لالیگا ئەنجام دەدات.. كاتێك لە یاری لووتكەی جەولەی شەشەمی خولی یانەكانی ئیسپانیا و لە ژێر ناونیشانی دێربی مەدرید، یانەی ریاڵ مەدرید روودەكاتە دەرەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆو و لەوێشدا رووبەرووی یانەی ئەتلەتیكۆمەدریدی میونداری و هاوجەمسەری دەبێتەوە.. یاریەكی گرنگ و قورسە بۆ یانەی شاهانە، بەڵام لە ئەگەری بردنەوەیدا تا رادەیەكی زۆر یانەی شاهانە بوونی خۆی دەسەلمێنێت وەك یەكێك لە یانە ركابەرەكانی ئەم وەرزە بۆ دەستەبەر كردنی نازناوەكە.. بۆ دێربی مەدرید كەتیبەكەی یانەی میرینگی چەكە بەهێزەكەی بەدەستهێناوەتەوە كە ئەویش گەڕانەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی و ئەستێرەی یەكەمی تیپەكەیە، كە بەهۆی پێكانەكەیەوە لە چەند یاری رابردووی تیپەكەیدا نەیتوانی بەشداری بكات.. بەڵام تا ئێستا روون نیە بە شێوەیەكی سەرەكی متمانەی دەكرێتە سەر یاخوود وەكو یاریزانێكی یەدەگ بەشداری پێ دەكرێت.. هەرچەندە لەسەرتای وەرزەوە یانەی ریاڵ مەدرید بەهۆی نەبوونی هێرشبەرێكی گۆڵكارەوە دەناڵێنێت، بەڵام لای خۆیەوە كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید ئەوەی ئاشكرا كرد، رۆدریگۆ گۆیسی بەرازیلی و پیلینگهامی ئینگلیزی لە توانایاندا هەیە پێشڕەوی هێڵی پێشەوەی یانەی میرینگی بكەن، جیالەوەش ئەنچیلۆتی ئیتاڵی ئەوەی راگەیاند كە جۆد پیلینگهامی ئینگلیزی و گۆڵكاری ئێستای یانەكە، هیچ پێكانێكی نیە و بۆ دێربی مەدرید زۆر بە باشی ئامادەیە.. 

لە بەرامبەردا یانەی ئەتلەتیكۆمەدرید كە دیدارەكەی لە نێو یاریگای خۆی و پاڵپشت بە هاندەرانی ئەنجام دەدات، بەڵام لەسەرەتای وەرزەوە ئاست و ئەنجامەكانی وەكو پێویست نیە.. تا ئێستاش یانەی رۆخی بلانكۆس چوار یاری ئەنجامداوەو لە كۆی ئەو چوار دیدارەش تەنها دوو بردنەوەی پێبڕاوەو دوو تاقیكردنەوەكەی دیكەشی بە شكست و یەكسانبوون كۆتایی پێهێناوە.. كە بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ.. خانەی حەوتەمی ریزبەندی خولەكەی گرتوە.. جیا لەوەش یانەی ئەتلەتیكۆی میوندار وەكو پێویست ئامادەكاریەكانی بۆ دێربی مەدرید ئەنجام نەداوە، بەڵكو لە تواناكانی پێنج یاریزانی كەتیبەكەی بێبەش دەبێت، كە ئەوانیش رۆدریگۆ دی پاوڵ و باریۆس و شالار و سۆیۆنگۆ و ریناڵدۆ و تۆماس لیمارە.. كە ئامادە نەبوونی ئەم یاریزانانەش، لێدانێكی كووشندەیە بەر كەتیبەكەی دیگۆ سیمیۆنی ئەرژەنتینی دەكەوێت
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP