یه‌كێتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌ستپێده‌كات

عێراق
21:07 - 2023-10-31

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌سه‌عات 12ی ئه‌مشه‌وه‌وه‌ بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌ستپێده‌كات و ماوه‌ی 45 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئاماده‌كاری ته‌واوی كردوه‌و به‌ 112 كاندید به‌شداری هه‌ڵبژانه‌كه‌ ده‌كات. 

رزگار حاجی حه‌مه‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، كاندیده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ناو هاوپه‌یمانێتی بن یاخود به‌ لیستی سه‌ربه‌خۆ، سه‌رجه‌میان كاندیدی ده‌ستپاك و به‌رپرسیارن و پێشینه‌ی به‌عسی بوونیان نییه‌.

رزگار حاجی حه‌مه‌ وتیشی: هیوادارین كاندیده‌كانمان ببنه‌ جێی متمانه‌ی خه‌ڵك و ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنن تا ببنه‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان و شه‌ڕ‌ی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بكه‌ن.

وابڕ‌‌‌یاره‌ رۆژی‌ 18ی 12ی 2023 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق له‌ 15 پارێزگای عیراق ئه‌نجامبدرێت له‌ناویاندا كه‌ركوك و نه‌ینه‌واو دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین هه‌ن كه‌ ناوچه‌ی جێناكۆكن و ی.ن.ك-یش هه‌وڵده‌دات كوردستانیبوونی ئه‌و ناوچه‌ جێناكۆكانه‌ به‌ده‌نگ بسه‌لمێنێته‌وه‌و كورد زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP