پەیامەکان بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی

کوردستان
12:33 - 2023-11-21


مەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەران: شەھیدان روناکی رێگامانن
ڕۆژی شەھیدی یەکێتیی، ڕۆژێکی پڕشنگدارە لەمێژووی کۆڵنەدان و قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ ئازادی و بەدیھێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، بە ڕێبەرایەتی حزبی شەھیدان. 

دەستپێکی قۆناغێكی نوێی دوای بێ ھیوایی بوو بۆ سەنگەر چۆڵ نەکردن تا بەدیھێنانی ئازادی کوردستان.

١١/٢١ رۆژی دروشمە باڵاکەی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە کە سەردەقشکێنانی شەھادەت؛ خاڵە شیھاب، جەعفەر و ئەنوەر، مۆری یەکێتییانەیان لێدا و لەم کاروانە دوور و درێژەدا سەرکردە، فەرماندە، پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری نەبەردی لە شاخە سەرکەشەکان، تێکۆشەرانی زیندان و ڕێکخستنە نھێنییەکانی شۆڕشی نوێ و شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدەکان و شەھیدانی ڕاپەڕین و ڕزگاری و بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن و ستەمی ھەموو جۆرەی دوژمنان گیانبازییان نواندووە و بەخوێن بوونەتە شەھید و شایەتی ئەم داستانە دوور و درێژەن.

شەھیدان سەرچاوەی ھێزو باوەڕمانن
لە رۆژی ھەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێوە، لەو رۆژەوە لە شار و دێ ، رۆژ و ھەفتەو مانگ و ساڵ نییە لە ڕۆژمێری ژیانی نزیکەی پێنج دەیەی خەباتی گەلەکەمان، یەکێتیی شەھیدی تیا نەدابێ و خەڵاتی ئازادی ئاوێتەی گوڵاڵە سوورەی قوربانیدان نەکردبێ. بۆیە شەھیدان روناکی رێگامانن.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەھیدانە، شەھیدپەروەرە ، ژیاندۆست و ئایندەخوازە، لێ کە کوردایەتی و ڕزگاری و دیموکراتی خوێنی بوێ قەت درێغی ناکات، ئەگەرچی بژاردەی یەکەمی تێکۆشانی بێوچانی ھەمەلایەنەی سیاسیی و مەدەنی و دیموکراتییە، بەڵام بۆ رزگاری کوردستان ھیچی لێ چاو نییە.

سەروەری ئەوەی كە یەكێتی حزبی شەهیدانی كوردستانە، ئۆباڵێكی گەورە دەخاتە ئەستۆمان، ئۆباڵێك كە هەمیشە وەفاداری خوێنی شەهیدان بین، وەفاداری ئەو ئامانج و ئاواتانە بین كە ئەوان گیانی پاكیان لەپێناودا بەختكردووە.

لەم رۆژە پڕ شکۆو شانازیەدا ڕایدەگەیەنین خەبات بەردەوامی ھەیە و وەکو مەکتەبی شەھیدانیش داکۆکیکاری بەردەوام دەبین لەمافی کەسوکار و نەوەی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید، ھەروەها جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای سندوقی پشتگیری و ھاوکاری خانەوادەی شەھیدان و ئەنفالکراون و قوربانیانی جینۆساید ژمارە ( ٣٧) ی ساڵی ٢٠٠٧.

بانگەواز دەکەین ئەم یادە ببێتە مایەی بەخۆداچوونەوەی تەواو لە ھەموو ئاستەکان بۆ پارێزگاری لەبەرھەمی خوێنی شەھیدان و ڕەواندنەوەی نیگەرانی خەڵکی کوردستان کە سەرچاوەی قوربانیدان و تێکۆشانن.

نەوەو کەسوکاری شەھیدان ئامانەتی شەھیدانن و ئەوپەڕی توانامان دەخەینە گەڕ بۆ پارێزگاری لەناو و ناوبانگ و خوێنی شەھیدەکان بە درێژە پێدان بە رێبازە پیرۆزەکەیان.

سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ و تێکڕای شەھیدانی کورد و کوردستان.
                 
مەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەرانی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٠٢٣/١١/٢١

رۆژی شەهیدی یەکێتی ، رۆژی کەم ژیان و کەڵ ژیان

تۆماری خەباتی چل و هەشت ساڵەی یەکێتیی و شۆرشی نوێی گەلەکەمان، لەیەکەم شەهیدەوە تا دواشەهید تۆمارێکی پڕ لە شانازی بێ بڕانەوەی یەکێتیە کە نەخشەی سەرتاسەری نیشتمانی گرتۆتەوە.

 کەس وکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان

 لەم رۆژەدا بۆ یادی ئەو هاوخەبات و هاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسدا بە سەربەرزیی و بەدەم دروشم و سرودەوە چونە بەر پەتی سێدارە، یان لەسەنگەرەکانی  بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایە بەر گولەی  دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و ڕێزگرتن دادەنوێنین .

لە مێژووی پڕ خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەموو رۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەهید،لە بەخشین و گیانبازیی ڕۆڵە و کەسو کارو  هاوخەبات و هاوسەنگەرانمان ،بەڵام کە رۆژێکی وەک  21 ی تشرینی دووەممان دیاری کردوە بە ترۆپکی شەهادەت یادی لە سێدارەدانی  خاڵە شیهاب و هاوڕێکانێتی، ئەوان لەسەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کردو دروشمی( کەم بژی و کەڵ بژی) یان داهێنا، ئیتر  لەو رۆژەوە لەسەنگەری بەرگری لە ناوچە رزگارکراوەکان، لە داستان ونەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی  و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان  لە ڕاپەڕین و پرۆسەی ئازادی عیراق و لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان، سەدان وهەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە  چونەتە نێو کەژاوەی شەهادەتەوە

 کەسو کاری  سەربەرزی  شەهیدان 

ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و یەکێتیەکەمان، لەپێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و نەهێشتنی سیاسەتی  جیاوازی کردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئەو خەباتەی شەهیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لە پێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی . 

 هەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن، بە شەهیدەکانیەوە، بۆ هەمیشە بەلێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکاتەوە.
بە سەنگی شەهیدانمان سەربەرزین و هەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی ڕاست و ڕەوامان دەکەین.

مەكتەبی ڕێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

ئاراس محەمەد ئاغا: لەساڵ رۆژی شەھیدی یەکێتی بەلێنی وەفا و خزمەت دوپاتدەکەینەوە

لەساڵ رۆژی شەھیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەڤاڵ ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەیامێك بەم بۆنەوە بەلاو دەکاتەوە و تیدا ھاتووە.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە مێژووی پرسەروەری خۆیدا ،خاوەنی زۆرترین شانازی و سەروەریە ، ھەر لە دەستپێکی دامەزراندنی یەکێتی شەھیدی داوە بۆ ئازادی و دیموکراتی کوردستان ، بۆیەش لە (٤٨ )سالی رابردوودا روبارێك خوێنی بەخشیوە و بە دەھان سەرکردە و ھەزاران فەرماندە و کادر و پێشمەرگە و رێکخستنی کردۆتە قوربانی ، ھەر لەبەر ئەمەشە لەناو بزاڤی رزگاریخوازی کوردیدا بە حزبی شەھیدان ناسراوە .

لەم رۆژەدا ئێمە بەلێن بەمامی گەورە سەرۆك مام جەلال و ھەموو شەھیدانی یەکێتی دەدەین ، خزمەتکردنی بنەمالەی شەھیدان بە ئەرکی گرنگی خۆمان ئەزانین پێکەوە کار دەکەین بۆ بەھێزکردنی یەکێتی و خزمەتی زیاتری شەھیدان بەبێ جیاوازی و وەفادار بین .

سەری رێز بۆ شەھیدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ھەموو شەھیدانی کوردستان دادەنوینین ، بەرزو پرسەروەری بێت رۆژی شەھیدی  یەکێتی .

 

وەهاب هەڵەبجەیی: هەر سەرکەوتنێکمان بە خوێنی هەزاران شەهید نوسراوەتەوە

 

قوربانیدان، گیانفیدایی، کەوتنە پێش مەرگ، ئەو بنەمایانە بوون کە یەکێتی شۆڕشی نوێی پێ بەرپاکرد و جارێکی دیکە ئومێدی بەخشییەوە گەلی کورد.

ئەمڕۆ یادی ئەو جوامێرانەیە کە گیانی خۆیان پێشکەش بە گەل و کوردستان کرد، هەر لە بەرخودانی ناو کونجی تاریکی زیندانەکان، تا شۆڕش و خەبات لە بست بە بستی چیا و دۆڵ و دەشتی کوردستان، تا ڕاپەڕین و ڕزگاری باشووری کوردستان و پاشانیش بۆ بەرگریکردن لەو خاکە لە مەرامی گڵاوی نەیاران و دوژمنان.

سەرکەوتن لە هەریەک لەو قۆناغانە، بە خوێنی هەزاران شەهید نوسراوەتەوە، لەم نێوانەشدا یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان پشکی شێری هەیە لە قوربانیدان،  زیاتر لە 20 هەزار شەهید، شاهیدی بۆ 48 ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکێتی دەدەن.

شەهیدەکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، هەر لە (شەهید شیهاب، شەهید ئەنوەر، شەهید جەعفەر) کە لە زیندانەکانی بەعسەوە چوونە بەر پەتی سێدارە، تا دەگاتە (شەهید ئیڤان، شەهید هیوا، شەهید ڕابەر)، دروشمی کەم ژیان و کەڵ ژیانیان هەڵبژاردبوو، ئەمەیە کە وایکردووە گەل ناسنامەی حزبی شەهیدان بە یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ببەخشێت، کە ئەمە بەرزترە لە هەرشتێکی دیکە.

دروود بۆ ڕۆحی پاکی تەواوی شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە تایبەت، بەڵێنبێت وەفاداربین و خەبات و تێکۆشانیان بکەینە ڕێبازی ژیانمان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP