به‌پێی ئامارێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی رێژه‌ی جیابوونەوەی هاوسەران له‌ زیادبووندایه‌

عێراق
17:44 - 2023-11-26

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوایین ئاماری حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌و هاوسه‌رگیریی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌و به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ش، ته‌نها له‌ مانگی ئۆکتۆبەر/ تشرینی یەکەمی 2023، 6 هەزار و 934 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکانی عێراق و دەرەوەی دادگاکان تۆمارکراون.

هه‌ر بە گوێرەی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی، لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمی 2023 دا، 32 هەزار و 794 گرێبەستی هاوسه‌رگیریی لە دادگاکانی عێراق و دەرەوەی دادگاکان تۆمارکراون، زۆرترین حاڵه‌ته‌كانی هاوسه‌رگیریی و جیابوونەوەش له‌ شاری به‌غدا تۆماركراوه‌، کەمترین حاڵه‌تی هاوسه‌رگیریش له‌ پارێزگای موسه‌نا و لە پارێزگاری زیقاریش کەمترین حاڵەتەکانی جیابوونەوە تۆمارکراون.

پێشتر ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگه‌یاندبو، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 2023، زیاتر لە شەش هەزار و 728 هاوسه‌ر جیابوونەتەوە، واتە لە ماوەی هەر سه‌عاتێكدا 10 هاوسه‌ر جیابوونەتەوە و لە رۆژێکشدا 224 هاوسه‌ر. هەروەها چوار هەزار و 259 حاڵەتی جیابوونەوەش لە دەرەوەی دادگەکان تۆمارکراون.

ئەمه‌ له‌كاتێكدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگه‌یاندبو؛ لە ساڵی 2022 زیاتر لە 70 هەزار هاوسه‌ر لە عێراق جیابوونەتەوە، واتە رۆژانە نزیکەی 200 هاوسه‌ر.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP