دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت :" كوێخا دێرین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە بە پێی مادەی 405 - 31ـی لە یاسای سزادانی عیراقی كێشەكەشی لەسەر داواكردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێكی سلێمانی" بەگوێرەی راگەیەندراوێكی رۆژنامەوانی كەوێنەیەكی بۆ PUKMEDIA نێردراوە ئاشكرایدەكات:" دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی كە بە زیادەڕۆیی كرابوونە سەر موڵكی گشتی"
دەقی رونكردنەوەكەی ئاسایش.......
روونكردنەوەیەك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە
پاش ئەوەی سەعات 12:10 دەقیقەی شەوی 29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم یانەی كۆمەڵایەتی سلێمانی تەقە لە هاووڵاتی "ئەحمەد كامیل فەقێ" سەرمایەدار كرا و بەهۆیەوە برینداركرا، دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی وردی هێزەكانمان دەستپێكرد، سەرئەنجام لە رۆژی 30ـی 1ـی 2024، بە پپێی مادەی 405 - 31ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەكی و تەقەكەر "ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی" دەستگیركرا.
دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەكەیدا ناو و دەركەوت تۆمەتبارێكی دیكە بە ناوی ئومێد كەمال هاوكاری كردووە كە هاوپیشەیەتی و هەردووكیان پێشمەرگەن لەلای دێرین ئەحمەد محەمەد، ناسراوە بە كوێخا دێرین و بە بڕیاری ناوبراو تاوانەكەیان كردووە.
پاشان رۆژی 5ـی 2ـی 2024، تۆمەتبار ئومێد كەمال كە هاوكاری كردووە دەستگیركرا.
ئێستا، كوێخا دێرین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە بە پێی مادەی 405 - 31ـی لە یاسای سزادانی عیراقی كێشەكەشی لەسەر داواكردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێكی سلێمانی .
هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی كە بە زیادەڕۆیی كرابوونە سەر موڵكی گشتی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP