یەکێتی بەشداری دیداری حزبی شیوعی چین لەپەکین دەکات

جیهان
21:34 - 2024-03-25


یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەک حزبێکی گەورەو کاریگەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق  و ناوچەکە بە ڕەسمی بانگهێشتی دیداری حزبی شیوعی چین کە حزبی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە لە پەکینی پایتەخت دەکرێت.

لەو بارەیەوە سالار سەرحەد خەلیفە ئەندامی سەرکردایەتی کە بەنوێنەرایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لە دیدارەکەدا دەکات بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA راگەیاندووه‌: "ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٥-٣-٢٠٢٤ یەکەم کۆبونەوەی دیدارەکە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی رۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقا دەستیپێکردو تێیدا تیشکخرایە سەر ئەو پرسە هەنوکەییانەی کەلە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن، هاوکات یەک هەڵوێستی لە نێوان حزبە بەشداربووەکان بۆ چارەسەری کێشەکان راگەیەندرا".

"بڕیاریشە سبەینێ ٢٦-٣-٢٠٢٤ لەچوارچێوەی دیدارەکەدا وەک نوێنەری سەرۆک بافڵ وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بخوێنینەوەو تیشک بخەینە سەر پەیوەندییەکانی سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ چین، کە پەیوەندییەکی مێژووییەو سەرۆک بافڵ- یش لە ئێستادا لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال درێژە پێدەری پەیوەندییەکانە"، سالار سەرحەد وای وت.

یەکێتی و حزبی شیوعی چین پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن
یەکێتی و چین پەیوەندییەکەی مێژووی ٦٥ ساڵەیان هەیەو هەردوولا ئاواتەخوازن پەرە بەپەیوەنییەکانیان بدەن و کار بۆ توندوتۆڵکردنی بکەن.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاشیگەیاند: "لەچوارچێوەی دیدارەکەدا لە رۆژانی ئایندەدا سەردانی دامودەزگاکانی حکومەتی چین و شوێنە مێژوویەکانی حزبی شیوعی چین دەکەین، ئەمەش لەپێناو ئاشنابوونی زیاتر بە مێژووی ئەو حزبە و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵیاندا".

ئەوەشی وت: "پەیوەنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چین ٦٥ ساڵی تێپەڕاندوەو یەکێتی ئاواتەخوازە پەیوەنییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە و حزبی شیوعی چین پتەوتر بکات، ئەم دیدارەش هۆکارێک دەبێت لەو بوارەدا".

لە دیدارەکەدا ٢٢ حزبی چەپ لە رۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقا بەشدارن، کە لەماوەی سێ ساڵی رابردودا بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دیدارەکە بە ئۆنلاین بەرێوەدەچوو، بەڵام ئەمساڵ جارێکی دیکە دیدارەکە بەشێوازی راستەوخۆ دەستیپێکردۆتەوەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشدارە تێیدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP