كێشه‌و قەیرانه‌كان و چارەسەركردنیان له‌ هەشتەمین دیداری سلێمانی دا

کوردستان
15:38 - 2024-04-17


هەشتەمین دیداری سلێمانی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەندین کەسایەتی سیاسی لە ناوخۆی هەرێم و عیراق و دەرەوە، دەستیپێکرد.

د. بەرهەم: دیداری سلێمانی ببێتە مایەی چارەسەر
لە سەرەتای دیدارەکەدا د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح دامەزرێنەرو سەرۆکی دەستەی ئەمینداری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی وتەی دەستپێکردنی پێشکەشکردو رایگەیاند: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە سلێمانی هەموومان پێکەوە کۆبووینەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێك کێشەو گیروگرفت کە لە ئێستادا رووی لە ناوچەکەمان کردووە، ئاواتەخوازم لە هەشتەمین دیداری سلێمانیدا پەنجە بخەینە سەر کێشە و قەیران و ململانێکان و ئەم دیدارە بێتە مایەی چارەسەر".

"دیداری سلێمانی شایستە بە شارەکەیەو دەمانەوێت لە ئەم زانکۆیەوە ناوەندێکی مەعریفی گرنگ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنینە کایەوە، ئاواتەخوازین لە دیدارەکەدا بە گرنگییەوە ە گرفتەکان بڕوانین و باس وخواست و گفتوگۆی چڕ لەبارەیانەوە بکەین"، د. بەرهەم وادەڵێت.

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان لایەنگری ئاشتییە
پاشان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "بەخێرهاتنی هەموولایەک دەکەم بۆ پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، لەم کاتەدا شەڕ و گرژی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، مەترسی لەسەر ناوچەکە و خراپتربوونی دۆخەکە هەیە، بۆئەوەی لەو کێشانە دووربکەوینەوە پێویستە گفتوگۆ بکرێت و رێککەوتنێکی هاوسەنگ بکرێت".

"هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەیە، بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی دۆست نمونەی جوانی هاوبەشی و پێشکەوتنی ئابوری و گەشەکردنی هاوبەشمان دروستکردووە، رێگاش نادەین هەرێمی کوردستان مایەی هێرش و هەڕەشەبێت بۆسەر هیچ وڵاتێک"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

وتیشی: "پێویستە هەموومان پشتیوانی حکومەتی عیراق و سەرۆکوەزیرانی عیراق بکەین، چونکە پێمانوایە سەرۆکوەزیران باوەڕی تەواوی بە دەستور هەیە و لەم روانگەیەشەوە دەتوانین عیراق بەرەوپێش بەرین، هاوکات بەرپرسیارێتی لایەنە سیاسییەکانە پشتیوانی لە بیرو بۆچوونەکانی سەرۆکوەزیران بکەن لەپێناو عیراقێکی دیموکراسیدا".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومتی عیراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "عیراقێکی بەهێز پەیوەستە بە هەرێمێکی بەهێزەوە، هاوکات هەرێمێکی بەهێزیش پەیوەستە بە عیراقێکی بەهێزەوە، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە هەردوولا پشتیوانی یەک بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان کە دەستور بکەنە بنەمای چارەسەری کێشەکان".

"هەرێمی کوردستان بە ئاشتی و پێکەوەژیان پێشدەکەوێت، بۆیە ئەرکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە وەک میلەتەکەمان تەبا و یەکڕیز بن بۆ کوردستانێکی بەهێز، وەک خەڵکی سلێمانی دەڵێن، پێویست ناکات کای کۆن بەبا بکەین، بەپێچەوانەوە پێویستە پەڕەیەکی نوێ لەنێوان لایەنەکاندا هەڵبدرێتەوە کە هەموو خەمێکیان پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت، هاوکات دەبێت ژیانی پێکهاتەکانیش لە کوردستان لەبەرچاو بگرین و هەوڵ بدەین هەموومان لە کوردستانێکی ئازاد خزمەتی میللەتەکەمان بکەین"، سەرۆکی هەرێم وای وت.

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش سەرۆکی هەرێم رایگەیاند: "ئەگەر لایەنەکان رێبکەون دەتوانین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین، چونکە پێمان وایە ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی گرنگە و دەبێت بیپارێزین".

عەمار حەکیم: دەتوانین بەسەر گرفتەکاندا زاڵبین
هەر لە دیدارەکەدا عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، رایگەیاند: "لە تواناماندا هەیە چارەسەری سەرجەم ئەو کێشانە بکەین کە لە عیراق بوونی هەیە و لەئێستادا کاتی ئەوەیە بە کردەوە هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان بنێین، بەتایبەت پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان تا لەو رێگایەوە بتوانین بڕیاری دروست و دیموکراسیانە بۆ عیراقەکەمان بدەین".

"هەموو عیراقیەکان مافی خۆیانە لە عیراقێکی دیموکراسیدا ژیان بەسەربەرن و ئەرکمانە دیموکراسی و ئاشتی بۆ عیراق بگەڕێنینەوە، بەتایبەت لەدوای ئەوەی کە تیرۆرستانی داعش کاریگەری خراپی کردبووە سەر پێکەوەژیان لە عیراق، هاوکات ئەمڕۆ کە سەری ساڵی ئێزدییانە پیرۆزبایی گەرم لە ئێزدییەکانی عیراق دەکەم و هیوادارین سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق لە وڵاتەکەی خۆیاندا ژیانێکی شایستە بەڕێبکەن"، سەرۆکی رەوتی حیکمە وای وت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە