ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە و تەئکیدی لەسەر تەواوکردنی ئامادەکاری یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان لە وادەی خۆی لە رۆژی ١٠ ی ٦ ی ٢٠٢٤ ،کردەوە .
سەرەتای کۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ(١٨-٤-٢٠٢٤) لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە سلێمانی بەرێوەچوو سەرۆکی یەکێتی دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی کوردستان ، عیراقی روونکردەوە و هەڵوەستەی لەسەر پێگەی روو لە گەشەکردووی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد و رایگەیاند ئەمە بەرئەنجامی یەک گوتاری و یەک دەستی سەرکردایەتی و راست و دروستی سیاسەتەکانی یەکێتییە کە بۆتە جێی ئومێدی میللەتەکەمان و پشتیوانی دۆستانی ئەزموونەکەمان .
کۆبوونەوە گفتوگۆی هەمەلایەنە و تێرو تەسەلی لەسەر ئامادەکارییەکانی مەکتەبی هەڵبژاردن و کاری لیژنەکان کرد . هەروەک هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ بەرنامە و گوتاری سیاسی یەکێتی لە کەمپینی هەڵبژاردن لەسەرجەم شار وشارۆچکەکانی هەرێم ئەنجام دا
هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە تێر و تەسەلی بیر وڕای خۆیان خستەڕوو کە گەشەکردنی ئەزموونی نیشتمانییمان ، پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ، دابینکردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتیان تەنها لە رێی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دێتەدی کە پەرلەمانێکی بەهێز و حکومەتێکی پتەو و خزمەتگوزار بێنێتە کایەوە ، ئەوەش بۆ راستگۆیی بزوتنەوەی سیاسی و داهاتووی گەلەکەشمان گرنگە . بە تایبەتی کە هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە تا ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بکرێت و لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا بەسەربەرزیی و یەکریزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەکانی خۆمان بکەین .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP