عێراق پلانی هەناردەکردنی گەنم دادەنێت

ئابوری
17:55 - 2024-05-25

بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی عێراق لە پێدواویستیی ناوخۆ زیاترە، بۆیە وەزارەتی بازرگانیی بەنیازە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن گەنم هەناردەی دەرەوە بکات.
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی دانەوێڵە، کە بەشێکە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی کشتوکاڵ، ئەمساڵ حکوومەتی فیدراڵی نزیکەی پێنج ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دیناری بۆ کڕینەوەی نزیکەی شەش ملیۆن تۆن گەنمی جووتیاران تەرخان کردووە.
بە وتەی گەرعاوی، تا ئێستا، لەو پێنج ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینارە، دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار بۆ کۆمپانیای گشتیی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە گواستراوەتەوە و کۆمپانیاکەش پارەکەی بەسەر پارێزگاکانی باشووردا دابەش کردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بە بازاڕکردنی دانەوێڵە ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی بازرگانیی عێراق کار بۆ هەناردەکردنی بەشێکی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دەکات، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم بگاتە سەرووی حەوت ملیۆن تۆن و عێراقیش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، پێویستی بە نزیکەی شەش ملیۆن تۆنە، بۆیە بەنیازن ئەو ملیۆن تۆنەی دەمێنێتەوە، هەناردەی دەرەوەی بکەن یان لەناوخۆدا بیدەنە کارگە و ئاشەکان بۆ ئەوەی ئاردی سفری لێ بەرهەم بهێنن و پێویستییان بەوە نەبێت ئارد لە دەرەوە هاوردە بکەن.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP