به‌غدا نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم وەرناگرێت

ئابوری
17:00 - 2024-06-04


حکومەتی عیراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگرێت کە نرخەکەی دەگاتە 595 ملیار دینار و بە وتەی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمیش: "کشتوکاڵی عیراق بە پێداگری و هەوڵی زۆرمان ئەو بڕە وەردەگیرێت و وەک هەڵوێستێکیش کۆنووسەکەمان ئیمزا نه‌کردووە، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی جووتیاران ناچاربووین رازی ببین بەو رێژەیە".

بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆنە و بەوپێیەی عیراق 700 هەزار تۆن گەنم وەردەگرێت، ئەوا زیاتر لە نیوەی گەنمی جووتیارانی هەرێم وەرناگیرێت و دەمێنێتەوە کە بەهاکەی دەگاتە 680 ملیار دینار بەگوێرەی نرخی دیاریکراوی هەر تۆنێک کە  850 هەزار دینارە.

لە سبەینیوە دەرگای سایلۆکان لە هەرێم دەکرێنەوە
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق دەیویست بە هەمان رێژەی ساڵی رابردوو گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگرێت کە 500 هەزار تۆن بوو، پاش ناڕەزاییمان و چەند جارێک سەردانیکردنمان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، توانیمان رێژەکە بۆ 700 هەزار تۆن بەرزبکەینەوە، هاوکات لە سبەینێوە 5ـی 6ـی 2024، سایلۆکان دەکەینەوەو دەست بە وەرگرتنی گەنمی خوتیاران دەکەین".

دەڵێت:" بێگەرد تاڵەبانی لە هەرێمی کوردستان نزیکەیی 2 ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە کە بە نزیکەیی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنم دەبێت و جووتیاران مافی خۆیانە حکومەتی عیراق گەنمەکەیان لێ وەربگرێت بەو نرخەی کە دیاریکردووە کە بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینارە، لە کۆبوونەوەکانیشماندا لە بەغدا تەئکیدمان کردووەتەوە کە پێویستە لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی گەنم ساڵانە مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێم بکرێت نەک دیاریکردنی رێژەیەکی جێگیر".

حکومەتی عیراق نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنمی هەرێم وەرناگرێت
حکومەتی عیراق نیوە زیاتری گەنمی بەرهەمهێندراوی جوتیارانی هەرێم وەرناگرێت کە نزیکەی 800 هەزار تۆنەو بە نزیکەی 700 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.

سایتی PUKMEDIA وێبسایتی رەسمی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ بەپێی بەدواداچوونێکی:" بۆ ئەمساڵ، حکومەتی عیراق ناتوانێت نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێندراوی جووتیارانی هەرێم وەربگرێت کە بە نزیکەی 700 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت."

لەوبارەیەشەوە وەزیری کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت: "دوای وەرگرتنی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێم، کەرتی تایبەت گەنمی جووتیاران دەکڕن، کە بێگومان نرخەکەی لەو پارەیە کەمترە کە حکومەتی عیراقی دەیدات بە جووتیاران".

عیراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت
حکومەتی عیراق بۆ کڕینەوەی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران، پێویستی بە 595 ملیار دینارە، چونکە بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمیش ئاماژە بەوەدەکات: "ئەو گەنمەی حکومەتی عیراق لە هەرێمی وەردەگرێت، بەپێی خشتەیەک بەشێوەیەکی یەکسان دابەشمان کردووە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا".

عیراق گومانی هەیە
گومانێک لەلایەن عیراقەوە هەیە کە گەنمی هاوردە تێکەڵ بە گەنمی هەرێم بکرێت و بە عیراق بفرۆشرێتەوە، بەڵام وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت: "بنەتۆوی گەنمی هەرێم دیارە و لیژنەیەک تایبەتکراوە بەو بابەتە".

گومانێک  لەلایەن عیراقەوە هەیە کە گوایە گەنمی هاوردەی هەرێم تێکەڵی گەنمی جووتیاران دەکرێت و بە عیراق دەفرۆشرێتەوە، لەوبارەیەشەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی بنەتۆوی ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێم دەیڕوێنن دیارە و لیژنەیەکی پسپۆر گەنمی هاوردە دەناسنەوە، ئەگەر گەنمی هاوردە لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی گەنمی جووتیاران بکرێت، بێگومان ئەو لیژنە پسپۆڕە لێی بەرپرسیارە".

لەبارەی گەنمی هاوردەشەوە غەریب ئەحمەد ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "لە عیراق گومانێک هەیە کە گوایە لایەنێک لەهەرێمی کوردستان گەنم لەدەرەوەی وڵات بە نرخی هەرزان هاوردە دەکات و تێکەڵی گەنمی جوتیارانی هەرێمی دەکات و پاشان دەیەوێت بە حکومەتی عیراقی بفرۆشێتەوە کەبەپێی بۆچونەکە زۆرترین هاوردەی گەنمەکە لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆکن، لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەیەک بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە پێکهێندراوە و پشتیوانییان لێدەکەین".

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنی زۆرترین رێژەی گەنمی بەرهەمهێنراوی جوتیارانی هەرێم جێگای خۆی گرت و دوای چەندین کۆبوونەوەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم کە لە پشکی یەکێتییە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق، رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 500 هەزار تۆنەوە زیادکرا بۆ 700 هەزار تۆن و لە سبەینێشەوە جووتیاران دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان بکەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP