حەماس: ئەگەر ئاگربەست هەمیشەیی بێت ئامادەی رێککەوتنین

جیهان
10:09 - 2024-06-12

وەزیرانی دەرەوەی قەتەر و میسر کە نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل دەکەن، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایانکردووە، بزووتنەوەی حەماس، هەرچەندە تێبینی لەسەر ناوەرۆكی پێشنیازە نوێیەکەی ئاگربەست هەبووە، بەڵام بەڵێنیداوە بە ئەرێنی پێشوازیی لێبکات و ئامادەیشی دەربڕیوە بۆ راگرتنی تەواوەتی جەنگ.
هاوکات ئوسامە حەمدان، بەرپرسی باڵای حەماس بە کەناڵی فەرمی لوبنانی راگەیاندووە، هەندێک تێبینییان لەسەر پێشنیازەکە رادەستی ناوبژیوانان کردووە و چاوەڕێدەکەن بە ئەرێنی وەڵامبدرێتەوە.
لەبارەی ئەو تێبینییانەی حەماس پێشکەشی کردووە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، حەماس داوایکردووە وادەی راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لەغەززە دەستنیشانبکرێت.
هاوکات، جۆن کێربی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامەکەی حەماسیان پێگەیشتووە و هەڵسەنگاندنی بۆدەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بە 14 دەنگی ئەندامان، پشتیوانیی جێبەجێکردنی پێشنیازی نوێی ئاگربەستی غەززەی کرد و داواشی کرد ئیسرائیل کێشەی بۆ دروستنەکات.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP