کێشەی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە چارەسەرکرا

ئابوری
14:03 - 2024-06-12

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی دارایی ماوەی ٣ رۆژە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگەی راگەیاندووە، بەڵام بەهۆی کورتهێنانی مووچەوە مووچەکانیان پێنەدرا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری هێزەکانی ٧٠ دەڵێت:" کێشەکە چارەسەرکراو ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت".

لیوا ئەحمەد لەتیف بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری هێزەکانی ٧٠ بەسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی راگەیاندوە :" کەمێک پێش ئێستا کێشەی کورتهێنانی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە چارەسەرکرا و هەر ئەمڕۆش دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانیان دەکرێت".


"نزیکەی ٧٠ رۆژبوو هێزەکانی پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتبوو، هەروەها لەگەڵ ئەوەی ماوەی ٣ رۆژە دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی راگەیاندبوو، بەڵام بەهۆی کورتهێنانەوە مووچەکە دابەشنەکرا و دوای هەوڵێکی زۆر ئەمڕۆ توانرا کێشەکە چارەسەربکرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت"، لیوا ئەحمەد لەتیف وایوت.

لەگەڵ ئەوەی مووچەخۆرانی مەدەنی مووچەی مانگی ئایار وەردەگرن ، بەڵام هەتا ئەمڕۆ ١٢-٦-٢٠٢٤ هێزەکانی پێشمەرگە مووچەی مانگی نیسانیان پێنەدرابوو، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی وردبینی لەلیستی مووچەکانیشیاندا بەراورد بە مووچەخۆرانی مەدەنی نزیکەی ٣٠ رۆژ مووچەکانیان دواکەوتبوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP