خۆپیشاندان لە ئیسرائیل دژی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ ئەنجامدرا

جیهان
12:32 - 2024-06-23

هەزاران هاوڵاتی ئیسرائیلی لە شارەکانی تەلئەبیب  و قەیسەریی، رژانە سەر شەقامەکان و داوای ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا کرد.
بەگوێرەی رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی، کەسوکاری زیندانییە ئیسرائیلییەکانی کەرتی غەززە بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووەو داوای رووخاندنی حکومەتی بنیامین نەتانیاهۆیان کردووە، وتوشیانە رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بەبێ روخانی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ ناتوانرێت ئەنجامبدرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، بێنی گانتز، وەزیری پێشووی ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل و یوڤاڵ دیسکین، سەرۆکی پێشووی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە.
دیسکین، لە وتارێکدا کە پێشکەشی خۆپیشاندەرانی کردووە، رەخنەی لە نەتانیاهۆ گرت و بە خراپترین سەرۆکوەزیران لە مێژووی ئیسرائیلدا وەسفی کرد.
لە پاش هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس 251 کەسیان بە بارمتە گرت، بە وتەی سوپای ئیسرائیل 41یان گیانیانلەدەستداوەو لە ئێستادا 116 بارمتەیان لە دەستی حەماسدا ماونەتەوە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP