کۆمسیۆنی عیراق تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی هەرێم بەڕێوەدەبات

عێراق
15:38 - 2024-06-26

کۆمسیۆنی عیراق تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی هەرێم بەڕێوەدەبات و ئەنجومەنی کۆمسیارانیش هەڵسەنگاندن بۆ وادەی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، وتەبێژی کۆمسیۆنیش ئاماژە بەوەدەکات: هێشتا پێنجەمین مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە پێنەگەیشتووە.
لەوبارەیەوە جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند: دوای گەشتنی مەرسومی نوێی هەرێمی، ئەنجوومەنی کۆمسیاران هەڵسەنگاندن بۆ وادەکە دەکات پاشان بڕیار دەدات ئایا کۆمسیۆن لەو وادەیەدا دەتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت یاخود نا.
راشیگەیاند هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە بەڕێوەدەبرێت و بەپێی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی جێبەجێ دەکات، کە خۆی لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن و پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوە و هەژماری دەنگەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکان دەبینێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پشت بە تۆماری پەسەندکراوی کۆمسیۆن دەبەستێت کە تێیدا ناوی سەرجەم دەنگدەرانی عیراق بە پارێزگاکانی هەرێمیشەوە لەخۆ دەگرێت، ئەگەر لەدوای هەڵبژاردنیش لایەنێک تانەی هەبێت لە پڕۆسەکە دەتوانێت لە دەستەی دادوەری کۆمسیۆن تانەکەی پێشکەش بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP