سەرۆک کۆماری عێراق خشتەکانی بودجەو چەند یاسایەکی دیکەی پەسەندکرد

عێراق
21:00 - 2024-06-27

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی و ژمارەیەک پڕۆژەیاسای دیکەی پەسەندکرد و ناردنی بۆ رۆژنامەی وەقایعی عێراق بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی، بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق ژمارەیەک پڕۆژەیاسای پەسەند کرد لە ناویاندا، خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی 2024و هەمواری یەکەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزبازی و لەشفرۆشی و  یاسای درێژکردنەوەی ئەرکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەمواری یەکەمی یاسای رێکخستنی بەکرێدانی زەوی کشتوکاڵی.
لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە دوای پەسەندکردنی یاساکان لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، نێردران بۆ بڵاوکردەوە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی وڵات و هاوڵاتیاندان ئەویش لە رێگەی پەسەندکردنیان لە دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچن، هەروەها لە رێگەی پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ پەرلەمان لە پێناو تاوتوێکردن و پەسەندکردنی.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP