سەرۆک کۆمار: لێدوانەکانی مایك واڵتز سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری عێراق پێشێلدەکات

عێراق
15:20 - 2024-07-01



سەرۆک کۆماری عیراق لێدوانەکانی مایك واڵتز ئەندامی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق سەرکۆنە دەکات و رایدەگەیەنێت: "سیستمی دادوەریی عێراق، یەکێکە لە رەسەنترین سیستمە سەربەخۆکانی دادوەری لە ناوچەکەدا".

لەبەیاننامەیەکدا د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئیدانەی لێدوانەکانی مایك واڵتز ئەندامی کۆمارییەکان لەکۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت: "سەرکۆنەی لێدوانەکانی مایك واڵتز ئەندامی کۆمارییەکان لەکۆنگرێسی ئەمریکا دەکەین، کە نەك تەنها دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەگرێتەوە، بەڵکو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری عێراقیش پێشێل دەکات، کە پایەیەکی سەرەکییە لە پایەکانی دەوڵەت".

سەرۆککۆمار دوپاتشیده‌کاته‌وه‌ كه‌:" سیستمی دادوەریی عێراق، یەکێکە لە رەسەنترین سیستمە سەربەخۆکانی دادوەری لە ناوچەکەدا، کە بەدیهێنانی دادپەروەری مسۆگەردەکات و پشتگیری لە سەروەریی یاسا و مافە رەواکانی هاووڵاتیان دەکات تا بە شکۆمەندی  و ئازادی بژین، هەروەها ئەو سەقامگیریی ئاسایش و سیاسییەی عێراق بەڵگەیەکی روون و ئاشکرای ئەم راستییە دەگەیەنێت"  .

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: "دوبارەکردنەوەی ئەو جۆرە لێدوانە نابەرپرسیارانە، رەنگە کاریگەری لەسەر سروشتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دروستبکات".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP