دوو ئەستێرە دیارو درەوشاوەکەى تۆپى
پێى جیهان کە رۆژانێک گەورەو سەردارى تۆپى پێ بوون ، هەموو ژمارە پێوانییەکان
بەدوای ئەواندا رایاندەکرد ، رۆژانێک مەترسیدار و سامناک و ئەفسانە و قەناس و
داینەمۆ بوون ، تۆپى پێ لە ژێر نۆتەى ئەواندا ئاوازى چێژ و سەرکەوتنى دەژەنى ! ئێستا
گلۆڵەى تەمەنیان داوێتى لە لێژى و هەواداراینیان ئازار دەکێشن، کاتێک دەبنینن سەرکردەو پێشەنگەکانیان بەو جۆرە
ماندووبوون و چیتر گەنج و لاوەکەى 15 ساڵ لەمەوبەر نین .
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەمەنى 39 ساڵى
تێپەڕاندوە ، هێشتا شارەى کاپتنى ووڵاتەکەى لە قۆڵیدایە و سەرکردایەتى ووڵاتەکەى
دەکات لە یۆرۆى 2024 ، ئەو یاریزانەى کە گۆڵکارى مێژووى هەڵبژاردەکانى تۆپى پێى جیهانە بە 130 گۆڵ ، نزیکەى 900 گۆڵى کردوە ئێستا گیرى خواردوە بەدەست نەزۆکى گۆڵ کردنەوە ، ئەو لاوەى تۆپى
پێ بە پێى ئاوازى ئەو هەنگاوى دەنا ! ئەو لاوەى زۆرترین بەرزبونەوەى هەبوو بۆ تۆپى
پێ ئێستا تۆپەکەکان بەسەر سەریدا تێپەڕدەبن ، ئەو لاوەى لێدانە سزاکانانى بەفێرۆ
نادا ، ئێستا بۆ لەدەستچوونى دەگرێت ، ئەو ئەفسانەیەى بە موشەکى مادێرا ناسرابوو
کەچى ئێستا لێدانە راستەوخۆکانى یان بەسەر گۆڵدا دەڕوات یاخو گۆڵپارێز دژى
دەوەستێتەوە ، دۆن چوار یارییە لە یۆرۆ رادەکات ، داوا دەکات ، دەرفەتى بۆدورست
دەبێت بەڵام چانس و هەڵکشانى تەمەن پشتى تێکردوە .
مێسى ئەفسانە لە بیرنەکراوەکەى تۆپى
پێ ، ئەو یاریزانەى مەحاڵى دەکرد بە راستى ، تۆپى پێ لە مێژووى مێسیدا کۆکرابوەوە
، ئەو ئەستێرەییەى 8 بالۆن دۆر لەماڵەکەیدایە ، ئەو ئەستێرەیەى نازناوێک نەماوە
لەسەر گۆى زەوی دەستى لێ نەدابێت ! ئێستا ئەویش وەک هاوڕێ رکابەرەکەى دۆش داماوەو
هیچ گۆلێکى لە کوبا ئەمریکا تۆمارنەکردوە ، ئەوەتا پێکان رێگرى لێ دەکات و پێى
دەلێت ئەفسانە مێسى چیتر لاوە بەنازەکەى کامپ نۆ نیت !لە بیرى مەکە تۆ ئیستا 37
ساڵیت و تۆپى پێ بۆتە لانکەى لاوە 18 ساڵانەکان ! ئەها لە یۆرۆ یامالى 16 ساڵ و
ئاردا گولەى 20 ساڵ و لە کوپاش ئەندریکى 17 ساڵان چۆن رۆڵ دەگێڕن .
ئاشقانى مێسى و رۆناڵدۆ کاتێک دەبینن
رابەر و سەرکردەکانیان بەو جۆرە دەردەکەون لەگەڵ ئەواندا فرمێسک دەڕێژن و خۆزگە
دەخوازن هەرگیز پیربوونى ئەو دوو ئەفسانەیەى تۆپى پێیان نەبینیایە ! ئێستاش وەک
دوێنێ چاوەڕوانى موعجیزە لە مێسى و دۆن دەکەن بێ ئاگا لەوەى هەردووکیان گەشتوون بە
خاڵى کۆتایی و رەنگە دوای یۆرۆ و کوپا ئەمریکا هەردوو ئەفسانەکە بڵێن نوقتە سەری
دێڕ.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP