تینهاک دوو ساڵى دیکە راهێنەرى مانچێستەر یونایتدە

وەرزش
16:00 - 2024-07-04


تینهاک دوو ساڵى دیکە راهێنەرى مانچێستەر یونایتدە
ئیریک تینهاکى هۆڵەندى و راهێنەرى یانەى مانچێستەر یونایتدى ئینگلیزى کە دوو وەرزى رابردوو سەرکردایەتى یانەى شەیتانە سورەکانى کرد جگە لە دوو نازناوى جامى یەکێتى ئینگلتەرا هیچ دەسکەوتێکى دیکەى بۆ یانەکە تۆمارنەکرد و گلەییەکى زۆرى ئاراستە کرا بە تایبەت دوای کێشەکانى لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و وەدەرنانى لە یانەکە و دواتر پاشەکشەى ئەهریمەنە سورەکان لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان ، دواجاریش یانە سورپۆشەکە بێبەش بوو لەوەى وەرزى داهاتوو بتوانێت بەشدارى لە چامپیۆنزلیگ یان یۆروپا لیگ بکات ، ئەمرۆ بەشێوەیەکى رەسمى ئیدارەى یانە ئینگلیزییەکە بۆندەکەى راهێنەرەکەى تاکو 30  حوزەیرانى 2026 درێژکردەوە ، ئەمەش لە پێناو سەقامگیرى تەکتیکى لە نێو تیپەکەدا.
ئیریک تنهاک تەمەنى 54 ساڵە و پێشتر راهێنەرایەتى یانەکانى ئۆتراخت و ئەیاکس ئەمستەردامى کردوە ، ماوەى دوو ساڵ سەرپەرشتى یانەى مانچێستەر یونایتدى کردوەو بۆندەکەى لە ساڵى 2025 کۆتایی دەهات ، بەڵام بەهۆى ئەنجامە خراپەکانیەوە لەم وەرزەى پرمیەرلیگ کە پلەى هەشتەمى بەدەستهێنا بە کۆکردنەوەى 60 خاڵ ، وێتێک هەبوو لە ئۆڵترافۆرد تاکو بۆندەکەى کۆتایی پێ بهێنن و راهێنەرێکى دیکە بکەن بە جێگرەوەى .

تێن هاگ لە لێدوانەکانیدا بۆ ماڵپەڕی رەسمى یانەکەی لێدوانی لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی داوە، و دەڵێت: “زۆر دڵخۆشم کە لەگەڵ یانەکەدا گەیشتمە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەگەڵ تیپەکە دوای ئەو پێشکەوتنانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستمان هێناوە”.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لەگەڵ تیپەکەدا دوو جاممان بردووەتەوە و هەست بە شانازی دەکەین، لەو کاتەوەی پەیوەندیم بە مانچستەر یونایتدەوە کرد، ئاستێکی باشتر بەدیهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ڕوون بین کە هێشتا کارێکی زۆر ماوە کە پێویستە بگەینە ئاستی دڵخواز."
لە کۆتاییدا وتی: دەمانەوێت ڕکابەری لەسەر نازناوەکان بکەین و ئەمەش ئەوەیە کە لەگەڵ یانەکەدا باسم کرد، هەموومان بە قووڵی پابەندین بە ئەنجامدانی ئەم گەشتە لە ساڵانی داهاتوودا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP