مه‌سعود پزیشكیان .. سه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌ی ئێران كێیه‌؟

جیهان
10:58 - 2024-07-06


 لە هەموو ساڵانی رابردووی ژیانی سیاسی و پزشیكییدا توانییوییه‌تی ناوو ناوبانگ و پێگەیەکی به‌هێز بۆخۆی دابینبكات، ٣ جاران هەوڵیداوه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران کاندید بکات، بەڵام ره‌زامه‌ندیی ئەنجومەنی پارێزەرانی ده‌ستووری به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌.

 دكتۆر مەسعود پزشكیان سه‌ربه‌ ره‌وتی ریفۆرمخوازانه‌ كه‌ ‌توانی له‌ خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تییدا به‌ جیاوازییه‌كی زۆر له‌ ده‌نگه‌كان، سه‌ركه‌وتن به‌رامبه‌ر (سه‌عید جه‌لیلی)ی محافه‌زه‌كاری توندڕه‌وی ركابه‌ری تۆماربكات.  

پزشكیان له‌ 29ی ئه‌یلولی ساڵی 1954 له‌ شاری مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه‌ .

 به‌ته‌مه‌نترین كاندیده‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی تاكه‌ كه‌سه‌ له‌ نێو كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ ئێران كه‌ سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕیفۆرمخوازانه‌و پزیشكی نه‌شته‌رگه‌رییه‌، له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2001-2005 له‌ حكومه‌تی دووه‌می محه‌مه‌د خاته‌می وه‌ك وه‌زیری ته‌ندروستیی كاری كردوه‌ .

نوێنه‌ری ناوچه‌ی ته‌برێز بووه‌ له‌ په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی پێنج خولی له‌سه‌ریه‌ك، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی ساڵانی 2016-2020 جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بووه‌.

  لە ساڵی 2013 خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کرد، بەڵام کشایەوە و لە هەڵبژاردنی 2021دا خۆی کاندید کردەوە، بەڵام کاندیدکردنه‌كه‌ی ڕەتکرایەوە.

  مه‌سعود پزیشكیان سه‌باره‌ت به‌ مردنی ژینا ئه‌مینی له‌ ساڵی 2022دا به‌ ئاشكرا ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵات گرت.

  خاوه‌ن سێ كوڕ و كچێك بوو، به‌ڵام له‌ ساڵی 1993دا هاوسه‌ره‌كه‌ی و یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی به‌ ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ستدا، هاوسەرگیریی نەکردەوەو وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، پێی باشتر بو بە شێوەیەکی تایبه‌تی سەرپەرشتیی پەروەردەکردنی دوو کوڕ و کچەکەی بکات.

 له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، گەڕانەوە بۆ دانوستانەکانی ئەتۆمی و کرانەوەی زیاتر بە ڕووی ڕۆژئاوا، لە پێناو هەڵگرتنی سزا ئابورییەکان و چاکسازی ئابووری بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و کۆتایی هێنان بە حیجابی زۆرەملێ و سەپاندنی بەسەر ژنان، لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هۆکاری مردنی ژینا ئامینی، لابردنی سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و بەشداریپێکردنی زیاتری کەمینه‌ نەتەوییەکانی ئێران لە حکومەت له‌ گرنگترین دروشم و به‌ڵێنه‌كانی بوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP