له‌م هه‌فته‌یه‌دا بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جوتیاران دابه‌شده‌كرێت

ئابوری
12:32 - 2024-07-13


بەغدا بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ هەرێمی كوردستان ره‌وانه‌كردو  بڕیاریشه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ستبه‌ده‌شكردنی بكرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، رایگەیاند: "بەغدا بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووه‌ كە بڕەكەی 10 ملیار دینارە، 3 ملیار دیناری بۆ هەولێرە، 5ملیار دیناری بۆ سلێمانییەو 2 ملیار دیناریشی بۆ دهۆكە."

ئاماژەی بۆئەوەشكرد: "رێكارە كارگێڕیی و داراییەكانی دابەشكردنی ئەو 10 ملیار دینارە بەرەو تەواو بوونە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی چەكەكان دەكرێت."

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هەفتەی رابردوو، چەند رۆژێك دابەشكردنی پارەی گەنمی جوتیاران راگیرابو وتی:""ئەو پارەیەی دێت بەردەوام دابەش دەكرێت، بەڵام كاتێك پارە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتمان، دواتر چەك دەكرێت و چەكەكانیش كاتیان دەوێت تاوەكوو ئامادە دەكرێن و پەسەند دەكرێت، بەڵام دڵنیایی دەدەین، پارەی گەنمی جووتیاران زۆر بە رێكوپێكی دابەش دەكرێت و كێشەی نییە."

وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق بۆ هەر یەك تۆن گەنم بڕی 850 هەزار دینار دیاریكردووه‌ و  بڕیاریشی داوه‌ 700 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP