پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە پرسی له‌شكركێشی توركیاو گه‌مارۆکانی بۆسه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی كۆدەبێتەوە

عێراق
10:06 - 2024-07-23

بڕیاره‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ دانیشتنه‌كانی داهاتوویدا، تایبه‌ت به‌پرسی له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر گوندو ناوچه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێم و گه‌مارۆی ئاسمانی بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی كۆببێته‌وه‌ .
رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه‌ ‌رەسمی، لەزاری فاتن قه‌ره‌گۆلی ئه‌ندامی لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌و په‌یوه‌ندیه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بڵاویکردەوە، لیژنه‌كه‌یان سه‌ردانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی كردووه‌، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی گه‌مارۆی ئاسمانی توركیا بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كه‌و ئه‌و گه‌شتانه‌ی روو له‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌مارۆكان پێشێلكردنی روونی سه‌روه‌ری وڵاتن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لیژنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و كارمه‌ندانی خزمه‌تگوزاری ئاسمانی كۆبوه‌ته‌وه‌ و باسی‌ هه‌ڵوێستی حزبه‌ سیاسیه‌كانیان كردوه‌، سه‌ره‌ڕای خستنه‌ڕوی ئه‌و پرسه‌ بۆ به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌مه‌به‌ستی چارەسەری دیپلۆماسی".
رۆژنامه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، هێزه‌كانی توركیا به‌م دواییه‌ ماڵی هاوڵاتیانیان له‌ دهۆك پشكنیوه‌، وێڕای پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق له‌ پرسی گه‌مارۆی ئاسمانی بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی, كه‌ ماوه‌ی ساڵ و نیوێك زیاتره‌ توركیا سزای به‌سه‌ردا سه‌پاندوه‌.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP