وەزیری كۆچ و كۆچبەران: حكومه‌تی هه‌رێم هاوكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان نه‌كردووه‌

عێراق
11:59 - 2024-07-27


ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت كه‌ بەدرێژایی شەش مانگ وەزارەتەكەی نەیتوانییووه‌ بچێتە ناو كه‌مپه‌كان بۆ تۆماركردن و ئاسانكاریی به‌ مه‌به‌ستی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

وەزیری كۆچ و كۆچبەران له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هەواڵی (جیهانی عەرەبی) سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كانی دانه‌خستنی كه‌مپی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌: "دانەخستنی كەمپی ئاوارەكان بۆ كۆمەڵێك هۆكاری راستەقینە دەگەڕێتەوە، كە دیارترینیان نەبوونی هاوكاری بووه‌ لەلایەن حكومەتی هەرێمه‌وه‌"

ئیڤان فایەق جابرۆ ده‌ڵێت:"بەدرێژایی شەش مانگ وەزارەتەكەیان نەیتوانیووه‌ بچێتە نێو ئەو كەمپانە  بؤ پڕۆسەی تۆماركردن و ئاسانكاریی تا ئاوارەكان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچەكانی خۆیان".

جه‌ختشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ :" وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هیچ فشارێک ناکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵکو دەیانەوێت گەڕانەوەکە خۆویستانە بێت، ئیدارەی کامپەکانش بە دەست حکومەتی هەرێمه‌وه‌یه‌، نەک وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران".
 
سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كانی دیكه‌ش ده‌ڵێت:" "هۆكاری دیكه‌ی بڕیاڕی دواخستن، بوونی لەمپەرو ئاستەنگه‌ له‌به‌رده‌م گەڕاندنەوەی خێزانە ئاوارەكان، وه‌ك خانووی روخاووی ئه‌و ئاوارانه‌، بۆ نمونە لە شەنگال، لەگەڵ كەمیی قەرەبوكردنەوەی موڵك و ماڵی خێزانە ئاوارەكان و نەبوونی خزمەتگوزاریی لە هەندێك لەو ناوچانە".

ئاشكراشیكردووه‌ كه‌: "كەمپی ئاوارەكان وەك كارتی فشار لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا بەكارهاتووە، هەندێك لە سیاسییەكان ئاوارەكان و كەمپەكانیان لەبواری سیاسیدا بەكارهێناوە، تەنانەت هەندێك لەنێوەندە نێودەوڵەكانیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بەكاریانهێناون".

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP