قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کۆبووەوە

کوردستان
19:25 - 2024-08-25

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیکرد لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیادا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە ( ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤) لە هەولێر بە ئامادەبوونی میکێلێ کامێرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتالیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا.

لە بەشێکی  دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، جەختکرایەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ئەنجامەکەی رەنگدانەوەی تەواوی دەنگ و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس  لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا و لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆک وەزیران بۆچوونی خۆی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ باڵیۆزی ئیتالیا روون کردەوە. 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ماڵئاوایی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP