د.رێواز فایەق: دەرکەوت دامەزراندنی وانەبێژان تەنیا ئیمزایەکی سەرۆكی حكومەت بەس بوو

کوردستان
12:19 - 2024-08-26

د.ڕێواز فایەق سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی لەبارەی گرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، ڕاستیی ئەگەر درەنگیش بێت هەر دەرەكەوێت!
لەپەیامەکەیدا د.ڕێواز فایەق وێڕای پیرۆزبایی لەوانەبێژان راشیگەیاند، هیوادارم ئەو ڕاستییە ڕوونبووبێتەوە، مامۆستایانی وانەبێژ بۆ دامەزراندنیان تەنها پێویستیان بەئیمزایەکی سەرۆكی حكومەت بوو، لەپێنج ساڵی ڕابردوودا ئامادە نەبوو بیكات، ئێستاش ئەگەرچی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنیش بێت، گرنگ ئەوەیە كراوەو، مامۆستایان لە دڵەڕاوكێ و نادیاریی چارەنووسیان ڕزگاریان دەبێت.
پێشتر بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەكەو چەواشەكردنی نوێنەرانی مامۆستایان و ڕای گشتی، ئەم پرسە ئاراستەی پەرلەمان کرا، ئێمە لەدانیشتنی رەسمی پەرلەماندا ئەوەمان روونکردەوە، دامەزراندن لەدەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتەو دەبێت ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن، ئەگەر هەر ١١١ پەرلەمانتارەكەش دەنگ بدات بە دامەزراندنیان تەنانەت یەك كەسیش دانامەزرێت.
وتیشی، هەزاران جنێو و قسەی ناشیرینمان لەسەر ئەو ڕاستی ووتنە پێوترا، چەندین وتار و هەواڵ لەسەر ئەو ڕاستگۆییەمان ئامادەكرا.
جەختی لەوەشکردووەتەوە پێشتر لەكۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان، پێمان وتن تكایە ئاراستەی فشارەكانتان بگۆڕن بۆسەر حكومەت، نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران تەنها چەند مەترێكە، گردبوونەوەكانتان ببەنە ئەوێ و دەرفەت مەدەن موزایەدەچییەكان داوا ڕەواكانتان بەلاڕێدا ببەن، دۆسیەی ئێوە ئیمزایەکی سەرۆكی حكومەتی ئەوێت و  بڕۆن لەوێ فشار بكەن.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP