رۆناڵدۆ چۆن 901 گۆڵى کردوە ؟

وەرزش
13:45 - 2024-09-09

رۆناڵدۆ چۆن 901 گۆڵى کردوە ؟
ئاکۆ بیبانى
کریستیانۆ رۆناڵدۆى پرتوگالى و هێرشبەرى یانەى نەسرى سعودى کەتەمەنى 39 ساڵە هێشتا لە نێو یاریگادا هێرشبەرێکى ترسناکە و خەونى گەورەو خەمى ووڵاتەکەى لە کۆڵناوەو لە پاڵەوانێتیە جۆراوجۆرەکان بەبەهێزى دەردەکەوێت ، سەربارى ئەوەى تەمەنى هەڵکشاوە بەڵام چاوى لە ئایندەیە و دەیەوێت زیاتر پێشکەشى تۆپى پێ بکات ، دۆن ریکۆردى وەرزشى بەناوى خۆیەوە دەنوسێت و هەر خۆشى رێکۆردەکە دەشکێنێت ، کریستیانۆ گۆڵکارى مێژووى هەڵبژاردەکانە لەسەر گۆى زەوى و خاوەنى 132 گۆڵى نێودەوڵەتیە و بەتەنها لەسەر عەرشى گۆڵکارانى جیهانە و هیچ رکابەرێکى نیە .
دۆن لە یارى نێوان هەڵبژاردەى پورتوگال و سکۆتلەندا لە گێمى دووەم هاتە یاریگا و توانى گۆڕانکارى لەئەنجام یارییەکەدا دروست بکات و گۆڵى دووەم و بردنەوە لەکۆتا ساتەکان بنوسێتەوە ، بەو گۆڵەى تۆماریکرد موشەکەکەى مادێرا ژمارەى گۆڵەکانى بوو بە 132 گۆڵ .
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ژیانى پیشەگەرى خۆى خاوەنى 901 گۆڵە ، ئامانجى ئەوەپە ژمارەی گۆڵەکان بگەیەنێتە 1000 گۆڵ .
دۆن لە کاروانى وەرزشى خۆیدا 2 جار مێگا هاتریکى تۆمارکردوە ، خاوەنى 11 سوپەر هاتریکە ، 66 جار هاتریکى نوسیوەتەوە ، لە 226 یاریشدا دوو گۆڵى تۆمارکردوە .
221 گۆڵى بردنەوەى بەدەستهێناوە، 355 جار دەسپێشخەرى کردوەو گۆڵى پێشکەوتنى تۆمارکردوە ، 95 جاریش ئەنجامەکانى هاوسەنگ کردۆتەوە .
کریستیانۆ رۆناڵدۆ 64 گۆڵى بە تۆپى جێگیربووە ، ئەمە جگە لەوەى 164 گۆڵى لە رێگاى پەناڵتییەوە بووە ، 132 گۆڵى لەدەرەوەى ناوچەى سزایە ، 769 گۆڵى لە بۆکسى یاریگادا بووە ، 575 گۆڵى بە پێى راستى کردوە ، 151 گۆڵى لە رێگاى لێدانى سەرەوە بووە ، 173 گۆڵى بە پێى چەپی تۆمارکردوە ، دوو گۆڵى لە رێگاى جەستەیییەوە بووە ، 879 گۆڵى لە یارییە رەسیمیەکاندا بووە ، 463 گۆڵى پێش 30 ساڵى کردوە و 438 گۆڵى دوای 30 ساڵى بووە .
گۆڵکارى مێژووى یانەى ریاڵ مەدریدە بە 450 گۆڵ ، 499 گۆڵى لە خولەکانى ئەوروپا بووە، خاوەن 14 گۆڵە لە یۆرۆ ، 8 گۆڵیشى لە جامى جیهانى هەیە ، بە 141 گۆڵ گۆڵکارى مێژوویی چامپیۆنزلیگە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP