کریستیانۆ
رۆناڵدۆ بۆ نەهات بۆ عێراق ؟
ئاکۆ
بیبانى
کریستیانۆ
رۆناڵدۆ بەناوبانگترین کەسایەتى جیهان ، لەسەرجەم پلاتفۆرمەکانى سۆشیال میدیا
زیاتر لە یەک ملیار فۆلۆرس و شوێنکەوتووى هەیە ! ئەمەش وایکردوە ئەو یاریزانە
هەوادارێکى زۆرى لەسەرتاسەرى جیهان هەبێت و هاندەران بەتامەزرۆییەوە چاوەڕوانى
بینین و یاریکردنى ئەفسانە پورتوگالییەکە بکەن .
لەوەتەى دۆن پەیوەندى بە یانەى نەسڕى سعودییەوە
کردوە دەرفەت بۆ ووڵاتانى ئاسیا زیاتر بووە تاکو هاوڵاتیانیان لە نزیکەوە بینەرى
کریستیانۆ بن ، پارساڵ cr7 لەگەڵ یانەکەى گەشتى وڵاتى ئێرانى کرد ، ژمارەیەکى
زۆر لە هەوادارانى دۆن رێگاى پاسى یانەى نەسڕیان گرت کە ئەو یاریزانەى تێدابوو ، ژمارەیەکى بێشوومار لە
هەوادارانى بە دوای پاسى یانەکەوە بوون و گرفتى هاتوچۆ دروستبوو !
دوو
رۆژە بەغدادى پایتەخت بەهۆى یارى نێوان شورتە و نەسرى سعودییەوە شڵەژاوە ،
هۆکارەکەش بۆ بوونى کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگەڕایەوە ، ئەمەش وایکردبوو بلیتێکى
ئاسایی نرخەکەى لە 15 هەزار دینارەوە بەرزبێتەوە بۆ سەرووى 100 هەزاردینار ، دوو
رۆژە گەنجانى عێراق لەسەرجەم شارەکانەوە وێڵى دەسکەوتنى بلیت بوون ، ئامادەبوون
چەند سەعاتێک لە نۆرەدا بوەستن تەنها لە پێناو ئەوەى بلیتى ئەو یارییەیان دەستبکەوێ!
بەشێکیان شەوو لەبەردەم یاریگاى مەدینە خەوتوون ! ئەم فشارە گەورە جیهانییە، وای لەیەکێتى تۆپى پێى ئاسیاکرد گەر یانەى
شوورتە کۆنترۆڵى هاندەرەکانى نەکات ئەوا یارییەکە بەبێ هاندەر بەرێوەبچێت .
ئەمرۆش دوور لە چاوەڕوانییەکان یانەى نەسڕى
سعودى بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوەو ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە بە هۆى دووچارى بوونى بە
فایرۆس رۆناڵدۆ گەشتى عێراق ناکات و بەشدارى لەو یارییەدا ناکات ، بەشێک لە
چاودێران پێیان وایە یانەى نەسر و خودى یاریزانەکە ترسیان لەوە هەبووە لە شوێنى
مانەوەو لەنێویاریگا سەلامەت نەبێت بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە .
لە
ئێستادا هاندەرانى وەرزشى لە عێراق بەگشتى و ئەوانەى بلیتیان کڕیوە بەتەواوى توڕەن
و پێیان وایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناپاکى لە هەوادارەکانى کردوە ، تاکو ئێستا
نازانرێت کاردانەوەى هاندەران چى دەبێت لە یارى نێوان شوورتە و نەسڕى سعودى کە
ئاخۆ دەچنە یاریگا یاخود وەک کاردانەوەیەک ئامادەى یارییەکە نابن .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP