وتەبێژی ڕەسمی لیستی (١٢٩) (ی.ن.ک) دەڵێت، تەواوی ئەو کردەوانە لەم رۆژانەدا لەلایەن حزبی دەسەڵاتداری هەولێرەوە دەکرێن بۆ تێکدانی ئارامی و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنە.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی ڕەسمی لیستی (١٢٩)ی (ی.ن.ک)، لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە رووداوەکەی ئەمڕۆی هەولێر، رایگەیاند، بەداخەوە لەم چەند رۆژەدا بەهۆی ترس لە شکستی هەڵبژاردن، دووەمجارە لە ڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت.
روونیشیکردووەتەوە لەکاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە پرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی (قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵیش بۆ ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو، وەڵامی ناداتەوە.
دەشڵێت کاتێک شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ مزگەوتەکە جێدەهێڵێت پاسەوانەکانی قەهار لە ناو مزگەوتەکە تەقە دەکەن.
جەختیش دەکاتەوە تەواوی ئەو کردەوانە بەهەوڵی نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی و ترس لە هەڵبژاردن، راشیگەیاندووە ئەم کردەوانە پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیانن ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە دۆڕان و شکست چاوەڕوانییان دەکا.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا گەزنەیی دەڵێت، وەکو یەکێتی تەئکید لە بانگەشەیەکی هێمن و مەدەنی و دیموکراسی دەکەینەوە.
لای خۆشییانەوە، بنەماڵەی کۆچکردوو (مامۆستا تۆفیق حمدامین مەنتک)، لە روونکردنەوەیەکدا رایانگەیاندووە، ئێمە هیچ پەیوەندیەکمان بەو کێشەیەی ئەمڕۆ نییە.
روونیشیان کردووەتەوە دوو ساڵە خەمی دونیا لەسەر سەرمانە، بەکۆچی دوایی باوکمان کۆستەکەمان زۆر گەورەتربوو، دەشڵێن بەداخەوە نەمانتوانی پرسەیەکی شایستەی بۆ باوکمان دابێنین.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەیاندا بنەماڵەی کۆچکردوو داوای لێبوردن لە هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە نەیانتوانی بەشداری پرسەکە بکەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP