وادەی دەنگدانی تایبەت درێژ ناکرێتەوە

کوردستان
17:47 - 2024-10-18

رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت تاوەکو دوانیوەرۆ 70% ی تێپەڕاند و بڕیارە پرۆسەکەش سەعات 6:00ی ئێوارە کۆتاییبێت و لەلایەن کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عیراقەوە سیستمی دەنگدان لە هەرچوار بازنەکەی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت رابگیرێت، بەوتەی وتەبێژی کۆمسیۆن :" وادەکە درێژناکرێتەوە".

 تائێستا بەرزترین رێژەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجەیە کە گەیشتۆیتە سەروو 96% و لەکۆی 952 کەس کە مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە لەهەڵەبجە، تائێستا 912  کەس دەنگی داوەو تەنها 40 کەس ماوە دەنگبدەن و بەگوێرەی زانیارییەکانی نوێنەری یەکێتی لەناوەندی دەنگدانی بورهان لە هەڵەبجە کە بە سایتى ڕەسمى یەکێتى راگەیاند، رێژەی دەنگدان بەرزبوەتەوە بۆ 96٪ کە بەرزترین رێژەیە لەسەر ئاستی هەر چوار بازنەکەی هەرێم.
 
نوێنەرەکەی یەکێتی راشیگەیاند: "تەنها 40 دەنگدەری تایبەت ماوە دەنگبدەن و بەشێکیان لەو ژمارەیە کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەبووە، پرۆسەکەش زۆر بەهێمنی و بەپێی رێنماییەکانی کۆمسیۆن بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و پرۆسەکەش بەئامادەبونی نوێنەری لایەنە سیاسی و رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بەڕێوەدەچێت".
 
ئەیسەر یاسین وتەبێژی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: "رێژه‌ی به‌شداربوون له‌ده‌نگدانی تایبه‌ت تا سه‌عات 12 نیوه‌ڕۆ لەکۆی هەر چوار بازنەکەی هەرێم گەیشتووەتە 70%، بەجۆرێک لە هەولێر  رێژەی دەنگدانی تایبەت 70%ـیە و سلێمانی 67%ـە و دهۆک 77%.
 
"کۆمسیۆن بەکارهێنانی موبایلی لەلایەن دەنگدەرانەوە قەدەغە کردوە، بەڵام لیژنەی ئەمنی بردنەژورەوەی موبایلیشی قەدەغە کردووە، بۆیە داوا لەدەنگدەران دەکەین موبایل نەبەنە ژورەوەو کێشە دروست نەکەن"، ئەیسەر یاسین وای وت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد: "هیچ سکاڵایەک بە رەسمی بە ئێمە نەگەیشتووە سەبارەت بە بردنی موبایل و هەر سەرپێچییەک کەروویداوە، بۆیە هەر سکاڵایەک ئاڕاستەی ئێمە بکرێت بەدەنگییەوە دەچین و هەتا ئێستا پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوە چوە".


بەگوێرەی بەدواداچوونی سایتى ڕەسمى یەکێتى لە سنووری بازنەکانی هەولێر و دهۆک زۆرترین پێشێلکاریی هەبووە و جگە لەوەی بە ئاشکرا بانگەشە لەبەردەم بنکەکانی دەنگدان لەلایەن پارتی دیموکراتیی کوردستانەوە کراوە، هەروەها فۆرمی سکاڵاش بەنوێنەری سیاسیی یەکێتی لە ناوەندەکان نەدراوە.

هەروەک پارتی دیموکراتی کوردستان فشار و هەرەشەی بەکارهێنانەوە لە بەرامبەر دەنگدەرانی تایبەت لەو دوو بازنەیە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە