پەڵەى رەش ئاسمانى یانە سپى پۆشەکەى گرتوە!

وەرزش
13:22 - 2024-11-06

پەڵەى رەش ئاسمانى یانە سپى پۆشەکەى گرتوە!
ئاکۆ بیبانى

كارلۆ ئەنچیلۆتى ئیتاڵى بە شکستێکى نوێ ، دەرگاى دۆزەخى بەڕووی خۆیدا کردەوەو پێ دەچێت پەڵەیەکى رەش ئاسمانى یانە سپی پۆشەکە بگرێتەوەو خۆرى راهێنەرە بە ئەزمون و پڕ دەسکەوتەکەش ئاوابێت و کاتى ئەوەیە پلان دانەر و داهێنەرێکى دیکە بێتە بێرنابیۆ و ریزى یانەکە رێکبخاتەوە ، کێ بیرى لەوەدەکردەوە ، لە دوای پێنج مانگ بردنەوەى چامپیۆنزلیگ ، ریاڵ مەدریدى پادشاى ئەوروپا ئاوای بەسەر بێت و بەرامبەر بە یانەى ئەى سى میلان لە یاریگا بنمیچ داخراوەکەى بێرنابیۆ بکەوێتە داوى شکستى یانە ئیتاڵییەکەوە و بە سێ گۆڵ بدۆڕێت ، بەر لەوەش لە یارى کلاسیکۆ بە چوار گۆڵ شکستى هێنابوو ، دوو دۆڕانى قورس بەرۆکى میستەر ئەنچیلۆتى گرتۆتەوە ، ئایندەى بەرەو تونێڵێکى تاریک دەبات و پێ دەچێت ئیدارەى یانەى شاهانە بیر لەوە بکەنەوە لە رێگاى بڵاوکراوەیەکەوە سوپاس و پێزانین ئاراستەى راهێنەرەکەیان بکەن بۆ ئەوەى لە رابردوو پێشکەشى مەدریدى کردوە ، ئێستا پێکهاتەکەى ریاڵ مەدرید پڕە لەکێشە ، ئەنچیلۆتى نازانێت چۆن تیمارى برینەکان بکات ، ئێستا پلانەکان هیچ کارناکات ، نە هێڵى بەرگرى ، نەهێڵى ناوەند ، نەهێڵى هێرشبەرى ! هەموو رێگاکان تاقی کرانەوە شێوازى یارى گۆڕا ، فشارى بەرزى هێرشبەرى تاقی کرایەوە ، پێکهاتەکە گۆڕا لە 4 – 4 – 3 ى سەرەتاو 4 – 4 – 2 هەموو ئەمانە کارەساتیان بۆ قەڵاى بێرنابیۆ هێنا ، ئەنچیلۆتى کلیلى سەرکەوتن و دڵخۆشى بەتەواوى وونکردوە ، ویلە ، سەر گەردانە ، دەستەو وەسانە !
دۆخى بیلنگهام بەتەواوى بۆردى بەڕێوەبردنى یانەى ریاڵ مەدریدى نیگەران کردوە ، هاوشێوەى پارساڵ نیە ، یاریزانێکى یەکلاى کەرەوە نیە ، وون و سەرگەردانە ، یەکێکە لە قوربانییەکانى ئەم هەموو تاقیکردنەوەى چەنچیلۆتى ، جارێک لە باڵى راست ، جارێک لە باڵى چەپ ـ جارێ لە ناوەند ! هیچیشی وەک و پار ساڵ کاریگەرى نیە.
ئەوەى مایەى بێزارى بۆردى ریاڵ مەدریدە ، پێ نەدانى هەلى یاریکردنە بە هەردوو ئەستێرەى لاو ( ئەندریک و ئەردا گولەر ) .
ئیدارەى یانەى ریاڵ مەدریدى ئیسپانى هەرگیز پلانى ئەوەى نەبووە لە ناوەڕاستى وەرزدا  دەستبەردارى راهێنەرەکەى بێت ، بەڵام هاوکێشەکانى ئێستاى یانەکە و بارودۆخى تیپەکە مایەى نیگەرانییە ، بۆیە چەند یارى داهاتوو بەتەواوى یەکلاى کەرەوە دەبێت گەر بێت و یانەکە لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بێت ئاوا بێ دوو دڵى ئیدارەى یانەى ریاڵ مەدرید کار بە بژاردەى دوورخستنەوەى کارلۆ ئەنچیلۆتى دەکات .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP