ئەنچیلۆتى وەک مشکى تاقیگاکان بیلنگهام تاقی دەکاتەوە!

وەرزش
14:09 - 2024-11-09

ئەنچیلۆتى وەک مشکى تاقیگاکان بیلنگهام تاقی دەکاتەوە!
ئاکۆ بیبانى
جوود بلينگهامى ئینگلیزى و ئەندازیارى هێڵى ناوەندى یانەى ریاڵ مەدرید کاتێک ریزەکانى یانەى بروسیا دۆرتمۆندى بەجێهێشت و درێسى یانەى ریاڵ مەدریدى لەبەرکرد، ئیدى هەموو دەرگاکانى بۆ کرایەوە ، خۆررێکى نوێ لە مەدرید هەڵهات ، بووە ئەندازیار و داینەمۆ و بزوێنەر و مامۆستا و وێنەکێش و ئاوازدارى یانەى ریاڵ مەدرید ، بووە فریادرەسى یانەکەى!  هەرزوو خۆى لەگەڵ پێکهاتەکەى مێستەر ئەنچیلۆتى گونجاند ، شۆرشێکى گەورەى بەرپا کرد و بۆشایی دوورکەوتنەوەى کەریم بێنزیماى بەتەواوى پڕکردەوە ، شان بە شانى فینیسۆس جۆنیۆر سەرکردایەتى هێڵى پێشەوەى یانە سپی پۆشەکەیان کرد و ریاڵ مەدریدیان کردەوە بە گەورەو سەردارى ئەوروپا ، لە ئێسپانیاش دووبارە ریاڵ مەدریدیان وەک پاڵەوان هێشتەوە .
گرێبەستکردن لە گەڵ کیلیان ئیمپاپێ هەموو شتێکى تێکدا ، شیرازەو پێکهاتەى یانەى ریاڵ مەدریدی ووردو خاش کرد ، دۆڕاوى یەکەمى ئەم بۆندەش جوود بلينگهامى ئینگلیزى و ئەندازیارى هێڵى ناوەندى یانەى ریاڵ مەدریدە !  بەو پێیەى وەرزى رابردوو یاریزانەکە کاریگەرترین یاریزانى یانەى قەڵاى سپى بووە کاتێک لە جێگاى خۆى یارى دەکرد.
جوود بلينگهامى ئینگلیزى ساڵى 2023 بەبڕى 113 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندى کرد بەریزەکانى یانەى ریاڵ مەدریدەوە ، لەو ماوەیەشدا 42 یارى ئەنجامداو 3 هەزار و 644 دەقیقە یارى کردو توانى 23 گۆڵ تۆماربکات و 13 ئاسیست بۆ هاوڕێکانى بکات .
 ئامارەکانى ئەم وەرزەى یاریزانە ئینگلیزییەکە لەگەڵ یانەى ریاڵ مەدرید شەرم هێن و شۆک ئامێزە! چۆن دەکرێت یاریزانێک لەیەکەم وەرزدا ئامارەکانى بەو جۆرە بێت کەچى ئەمساڵ  لە نێو یاریگادا بێ ناونیشان و وێڵ و سەرگەردان بێت و  لە 12 یارى رابردوویدا نەیتوانیوە تەنها گۆڵێک تۆمار بکات ، سەربارى ئەوەى بەبەردەوامى لە یاریگادا یارى دەکات و رادەکات ، هاوشێوەی مشکى تاقیگەکان کارلۆ ئەنچیلۆتى هەر رۆژەو لە جێگایەک تاقی دەکاتەوە!  ئەمەش کاریگەرى زۆرى لەسەر تواناکانى دروستکردوەو نەیتوانیوە هاوشێوەى ساڵى پار شکۆمەندى بۆخۆى تۆماربکات و هێڵى هێرشبەرى یانەى شاهانە بەبەهێزى بهێڵێتەوە .
لەم وەرزەدا یانەى ریاڵ مەدرید بە دۆخێکى قورس و دژواردا تێدەپەرێت و لە خولى ئیسپانى لە پلەى دوەمدایە بە جیاوازى9 خاڵ لەگەڵ بارساى پێشەنگ و لە چامپیۆنزلیگیش بە دۆخێکى قورسدا گوزەر دەکات ، چوار گۆڵەکەى بارسا و سێ گۆڵەکەى میلان دۆخێکى شڵەژاوى لە ماڵى ریاڵ مەدرید دروستکردوە ، هۆکارى سەرەکیش ئەنچیلۆتى راهێنەرەو قوربانى گەورەش جوود بیلینگهامى ئینگلیزییە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP