په‌رله‌مانی كوردستان دوو سبه‌ی یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی خولی شه‌شه‌م ئه‌نجام ده‌دات

کوردستان
14:35 - 2024-11-30


 
بڕیاره‌ دوو سبه‌ی دووشه‌ممه‌ 2-12-2024 په‌رله‌مانی‌ كوردستان یه‌كه‌م دانیشتنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ ئه‌نجام بدات، به‌ گوێره‌ی‌ كارنامه‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ش، ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان سوێندی‌ یاسایی ده‌خۆن.

به‌پێی‌ بڕیاری‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ 2-12-2024 كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆ یه‌كه‌م دانیشتنی خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌مڕۆش سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئاشكراكردو له‌  چوار بڕگه‌ پێكدێت:

یه‌كه‌م: كردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كه‌ به‌ چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز.

دووه‌م: یه‌ك خوله‌ك بێده‌نگ وه‌ستان بۆ ڕێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان.

سێیه‌م: بانگهێشتكردنی به‌ ته‌مه‌نترین كاندیدی ئاماده‌بوو، له‌ پالێوڕاوانی سه‌ركه‌وتووی خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان بۆ سوێندخواردن و به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌كه‌؛ به‌پێی حووكمی بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی 11 و بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی 12 له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان.

چواره‌م: سه‌رۆكی یه‌كه‌م دانیشتنی خولی شه‌شه‌م، كاندیده‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان – عێراق بانگ ده‌كات بۆ سوێندخواردنی یاسایی، به‌پێی حووكمی بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی 12 له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، پاشان دانیشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی یه‌كه‌م دانیشتن به‌پێی حووكمی مادده‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP