عەممار حەکیم سەردانی پارێزگای کەرکوک دەکات و رایدەگەیەنێت:"خۆشحاڵ بووم بەم سەردانە کە توانیم لەنزیکەوە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن و سەرجەم لایەنەکان لەشارەکە ببینم" دەشڵێت:" پێویستە عیراق دووربخرێتەوە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریا".
عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەپارێزگای کەرکوک رایگەیاند:"خۆشحاڵم لەئێستادا کە سەرجەم لایەنەکان لەکەرکوک بڕیاریانداوە ببن بە بەشێک لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک، کە ئەمە خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی شارەکە دەهێنێتە کایەوە و دەتوانێت کاری باش بکات و حکومەتێک بێت بۆ سەرجەم پێکهاتەکان کە کاریگەری لەسەر پاریزگاکە هەبێت، بۆ ئەمە لەدڵەوە هیوای خۆشگوزەرانیان بۆ دەخوازم".
راشیگەیاند:" داوا لەو لایەنانە دەکەم کە تائێستا بەشداری حکومەتی خۆجێیان نەکردووە بەشدار بکەن و هێزەکە گەورەتر بکەن، هاوکات داواشی لەحکومەتی خۆجێی کرد کە هاوپەیمانەکانیان بانگهێشت بکەن بۆ بەشداریکردن لە حکومەت تاوەکو کەرکوکێکی بەهێزتر بێتە کایەوە، وەک چۆن هەموو کات پێی دەوترێت عیراقی بچوککراوە، هەمیشە کەرکوک بەپێکەوە ژیان ناسراوە بۆیە پێکەوە دەتوانین کاری باشتر بۆ شارەکە بکەین و کەرکوکێکی پیشەنگ بهێنینە کاراوە و لە نزیکەوە چاودێری کێشەکان بکەین".
سەبارەت بەڕەوشی ئێستای سوریاش عەممار حەکیم لەکۆنگرەکەدا وتی:" ئەو رەوشەی کە سوریا پێیدا تێپەڕدەبێت نیگەرانی کردوین و هیوادارین ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ شارەکە و بتوانن لە ژیانێکی خۆشگوزەرانیدا بژین و عیراق کاریگەری ئەو شەڕانەی لەسەر نەبێت و دووربخرێتەوە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریا، بەجۆرێک بتوانین لەڕووی ئەمنییەوە وڵاتەکەمان بپارێزین، ئێمە مێژوویەکمان هەیە لەگەڵ ئەو جۆرە شەڕانەدا، هەربۆیە لەئێستادا هێزە چەکدارەکانمان توانیویانە سنورەکانمان بەباشی بپارێزن بەئامانجی پاراستنی عیراق".
لەکۆتایی کۆنگرەکەشدا عەممار حەکیم وتی:" خۆشحاڵ بووم بەم سەردانە و هیوای سەرکەوتن بۆ نەوەکانی کەرکوک دەخوازم و هیوادارم میواندارییەکانیان بەمشێوەیە بەردەوام بێت تاوەکو کەرکوک سەقامگیرتر بکەین"
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP