چیرۆکەکەى دیدێ دیشامپ بەرەو ئەڵقەى کۆتایی دەچێت !

وەرزش
12:55 - 2025-01-08

چیرۆکەکەى دیدێ دیشامپ بەرەو ئەڵقەى کۆتایی دەچێت !
ئاکۆ بیبانى

چیرۆکەکەى دیدیە دیشامپی راهێنەر و هەڵبژاردەى فەرەنسا ، بەرەو  ئەڵقەى کۆتایی دەچێت و  ساڵى 2026 و دوای کۆتایی هاتنى یارییەکانى جامى جیهانى ، دیدێ پۆستى راهێنەرایەتى کەڵەشێرەکان جێدەهێلێت ، لە ساڵى 2012 ەوە کە دیشامپ بۆتە راهێنەرى فەرەنسا ، ئاستى هەڵبژاردەکە پڕ بووە لە ئاڵۆزی و بەرزو نزمى ، لە پاڵەوانێتیەکان ئاستى جیاوازى پێشکەش کردوە ، لە پاڵەوانێتیەک لەلوتکەدا بوو ، جارێکیش تریش پڕ بووە لە کێشە .
هەڵبژاردەى تۆپى پێى فەرەنسا لێوان لێو بووە لە ئەستێرەى گەورەو دیارى تۆپى پێ ، ئەمەش وای لە دیدێ دیشامپ کردوە بە ئاسانى نەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەستێرانە بکات ، لەسەردەمى ئەو راهێنەرەدا ، کەریم بێنزیما لە لوتکەى ئاست بەرزیدا لە هەڵبژاردەى وڵاتەکەى دوورخرایەوە و ئەو یاریزانەش بەیەکجارى وازهێنانى لە یارى نێودەوڵەتى راگەیاند و ئامادە نەبوو جارێکى تر درێسى فەرەنسا بپۆشێت ، دوای بێنزیما نۆرەى کیلیان ئیمپاپێ هات ، ئاسکە رەشەکە توانایەکى سەرسورهێنەرى هەبوو ، ئەمەشى بۆهەموان سەلماندبوو ، بەڵام کێشە و ئاڵۆزى کەوتە ژووى جل گۆڕین و دیدێ دیشامپ بەرەیەکى نوێى جەنگى لەگەڵ ئەو ئەستێرە کردەوەو لە چەند یارییەکیش بانگێشتى نەکرد ، ئیستاش ترسێم لە ماڵى فەرەنسییەکان دروست بووە کە هەمان سیناریۆی بێنزیما لەگەڵ ئمپاپێش دووبارە بکرێتەوە .
رۆژنامەى لیکیپى فەرەنسى ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە ، دیشامپ بە بێ گوێدانە ئەنجامى هەڵبژاردەکە لە جامى جیهانى 2026 ، گرێبەستەکەى نوێ ناکاتەوەو ئامادە نیە لەکارەکەى بەردەوام بێت .
ئەم بابەتەش لە چەند سەعاتى داهاتوو ، دیاشامپی 56 ساڵان بۆ هەموانى ڕووندەکاتەوە ، پێى وایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئاشکرای بکات و کۆتایی بە قسە و باسەکان بهێنێت سەبارەت بە داهاتووی لەگەڵ هەڵبژاردەى فەرەنسا .
دیشامپ کە دوای یۆرۆی 2012 پۆستی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەى وەرگرت، لە مێژووی ئەم چەند ساڵەى رابردووى هەڵبژاردەی فەرەنسادا کەسایەتییەکی سەرەکی بووە،  لەژێر سەرکردایەتی ئەودا، فەرەنسا مۆندیالی ٢٠١٨ی ڕوسیای بەدەستهێنا و گەیشتە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی یۆرۆی ٢٠١٦، هەروەها گەیشتە یاری کۆتایی جامی جیهانی ٢٠٢٢ لە قەتەر.
 سەرکردایەتی و شێوازی تاکتیکییەکەی ستایشی زۆری دەکرێت، ئەمەش وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێی فەرەنسا ناودەبرێت .
لەئیستاشدا چەند جێگرەوەیەک بۆ دیشامپی راهێنەر بوونى هەیە لەسەرووى هەمویانەوە زەینەدین زێدان ، کە چەند ساڵێکە ئامادەکارى دەکات بۆ ئەو پۆستەو هەربۆیە ئامادەنەبووە پۆستى راهێنەرایەتى هیچ یانەو هەڵبژاردەیەک لە ئەستۆ بگرێت .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP