ئەوقافی هەرێم: لە رووداوەکەی سنووری عەرعەردا 2 عومرەکار مردوون و 12ی دیکەش بریندارن

کوردستان
10:06 - 2025-01-28


وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەی دوێنێ شەوی سنووری عەرعەر گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە دوو کەس و 12 کەسیش بریندارن.
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، لە رووداوی هاتوچۆکەی شەوی رابردووی عومرەکارانی هەرێم لە سنووری عێراق–سعودییە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژن و پیاوێکن و هەردووکیان خەڵکی قەزای چەمچەماڵن، 12 کەسیش برینداربوون، جگە لەوەی دوو کەسیش لە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی، رووداوەکە پێنج کیلۆمەتر لەناو خاکی سعودیە روویداوە بۆیە سەرجەم بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر وەردەگرن، لەبەرئەوەی دۆخی دوو برینداریان زۆر خراپە نازانین کەی دەتوانین بیانگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی تەرمەکان، نەبەز ئیسماعیل ئاشکرایکرد، کەسوکاری قوربانییەکان داوای گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان کردووە، چونکە زۆر لە مەککە و مەدینەوە دوورن، بەڵام تا ئێستا رێکارەکان بۆ ئەو مەبەستە دەستیانپێنەکردووە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە پاسێکی عومرەکارانی کورد لە قەزای چەمچەماڵەوە بەرەو وڵاتی سعودییە بەڕێکەوت، دوێنێ شەو دوای گەیشتنی بە خاکی سعودیە تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بوو.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP