بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ وه‌فدی یه‌كێتی و پارتی كۆببنه‌وه‌

کوردستان
15:31 - 2025-01-28


بڕیارە سبەینێ ٢٩-١-٢٠٢٥ جارێکی دیکە لیژنەی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئامادەکردنی رەشنوسێک لەبارەی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لەبارەی کۆبوونەوەکانی لیژنەکە بە  PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:" گفتوگۆی لایەنە تەکنیکییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەنیوان یەکێتی و پارتی بەردەوامی هەیە و سبەینێ جارێکی دیکە لیژنە هاوبەشەکەی هەردوولا کۆدەبنەوە".

"لیژنە هاوبەشەکە ئەرکیانە رەشنوسێک لەبارەی چۆنێتی حکومەتی داهاتووی هەرێم ئامادە بکەن، کە لەئێستادا بەشێکی زۆری کارەکانیان تەواو بووە و پاشان رەشنوسی کۆتایی گفتوگۆکاکانی لیژنەکە دەخریتە بەردەم هەردوو وەفدی باڵای یەکیتی و پارتی بۆ بڕیاردان لەسەری"، سەرچاوەکە وایوت.

پێشتریش سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" له‌ئێستادا له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا باس له‌هیچ پۆستێك نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ی ده‌وترێت و باس له‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ده‌كرێت پڕ‌وپاگه‌نده‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حكومه‌ت رێكنه‌كه‌وین یه‌كێتی پۆستی بۆچییه‌".

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردبوو :"پێشتر كێشه‌مان هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین، ئه‌وه‌ هه‌مان كێشه‌ له‌داهاتوودا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كێتی ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ئیش بۆ خه‌ڵك نادۆزینه‌وه‌، به‌ڵكو خه‌ڵك بۆ ئیش ده‌دۆزینه‌وه‌و دوای دیاریكردنی پۆسته‌كان ئه‌و كات كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو داده‌نێین".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا چوار جاری دیکە لیژنە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی لەسەر هەمان پرس کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP