دادگای فیدڕاڵی لەسەر چەند سکاڵایەکی تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە

کوردستان
13:28 - 2025-01-28


بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ شەش سکاڵا دانیشتنی ئاسایی رێکبخات، بەپێی کارنامەکە دانیشتنەکە، سێ سکاڵایان پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
یەکێک لەو سکاڵایانە لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ تۆمار کراون و تایبەتن بە نایاسایی بوونی سزای هاتووچۆ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی چەند جارێک لەسەر یەک شەقام خێرایی رێگەپێدراو تێدەپەڕێنن و سزا دەدرێن، لەگەڵ  نادەستوریبوونیی ئەو رسوماتەی کۆمپانیاکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل بۆ مەرجی توندوتۆڵی لە هاووڵاتییانی وەردەگرن.
سکاڵای دووەمیش تایبەتە بە نادەستوریبوونی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، کە لە سکاڵاکەدا داوا دەکرێت وەزارەتەکە هەڵبوەشێتەوە و لەبری دەستەی شەهیدان پێکبهێنرێت، کە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بێت.
سکاڵای سێیەمیش تایبەتە بە نادەستوریبوونی وەزارەتی ئەوقاف، داوا دەکرێت وەزارەتەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و دیوانی ئاینی پێکبهێنرێت و بەجۆرێک سەرجەم ئایین و ئاینزاکان لەخۆبگرێت.
هاوکات سکاڵایەکی  دیکە ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی کراوە و داواکراوە، زمانی کوردی بۆ رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی زیاد بکرێت، کە ئێستا پشتگوێخراوە، هەروەها داواشکراوە رۆژنامەکە لە داهاتوودا بە زمانی کوردیش بڵاوبکرێتەوە و ژمارەکانی رابردووش وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP