دژەتیرۆر لە سنوری کەرکوک ژمارەیەک تیرۆرست دەستگیردەکات

کوردستان
20:09 - 2025-02-08



لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هەواڵگری و سەربازیدا، هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر (CTG)، دەزگای دژەتیرۆری عێراق (ICTS) و هێزەکانی هاوپەیمانان توانرا ژمارەیەک تیرۆرستی داواکراو دەستگیر بکەن.

تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان پێشتر شەڕکەر بوون لە دیوانی جوندی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و دوای ڕووخانی ئەوەی ناودەبرا بە دەوڵەتی ئیسلامی، لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک خۆیان حەشارداوە.

تیرۆرستەکان لە ئێستادا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی لۆجستی بۆ تۆڕ و شانە نوستوو و چالاکەکانی داعش لە سنووری کەرکوک.

هێزە ئەمنییەکان توانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی وردی هەواڵگری و بێ زیاندا تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگای تایبەتمەندیان بکەن بۆ لێپێچینەوەی یاسایی.

ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە نیشانەی هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوامی نێوان هێزە ئەمنییەکانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP