کشتوکاڵی عیراق: 13 جۆر بەروبووم هەناردە دەکەین

عێراق
21:10 - 2025-03-31


وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بڕی زیادەی بەرهەمهێنانی گەنم و هەناردەکردنی 13 جۆر بەروبوومی بۆ وڵاتانی دەرەوە راگەیاند.
محەمەد خوزاعی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، عیراق لە توانایدایە 13 جۆر بەروبوومی کشتوکاڵیی هەناردەی دەرەوە بکات، بەتایبەت وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە بوونەتە ناوەندی ساغکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی عێراق، بەتایبەت پەتاتە، خورما، تەماتە، خەیار، کاڵەک و شووتی، وتیشی تەنیا هاوین و زستانی رابردوو، 950 تۆن سەوزە و میوەیان هەناردە کردووە.
راشیگەیاند، بۆ یەکەم جار لە عێراقدا  بەرهەمی گەنمدا زیادەمان هەیە و ئاستی بەرهەم گەیشتووەتە شەش ملیۆن و 400 هەزار تۆن، ئەمە لەکاتێکدایە، زیاتر لە ساڵێکە عێراق گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنمدا.
دەشڵێت، عێراق بۆ دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ لەرێگەی چەند گرێبەستێکی دەرەکی و ناوخۆییەوە پشت بە تەکنەلۆجیای نوێ دەبەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 13 هەزار ئامێری ئاودێری بە 830 ملیار دینار کڕیوە، ئەوەش بووەتەهۆی بەرهەمهێنانی زیاتری برنجی یاسەمین و چەند جۆرێکی دیکە بە کەمترین رێژەی ئاو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP