وەرزێکى بێ دەسکەوت لە چاوەڕوانى ریاڵ مەدریدایە ... بارساش گەورەترین سوودمەندە!

وەرزش
10:20 - 2025-04-07

وەرزێکى بێ دەسکەوت لە چاوەڕوانى ریاڵ مەدریدایە ...  بارساش گەورەترین سوودمەندە!

ئاکۆ بیبانى

یانەى ریاڵ مەدریدى ئیسپانى و پادشاى ئەوروپا ، وەرزێکى جیاواز بەرێدەکات و ترس بەتەواوى ماڵى شاهانەى گرتۆتەوە ، ئێستا دۆخێکى قورس و دژوار هاتۆتە ئاراوە ، ئۆڵتراسى ریاڵ مەدرید دوو دڵن ، ترسیان لەوە هەیە ئەم وەرزە یانەکەیان هیچ دەستکەوتێکی نەبێت و لە کۆتایی وەرز بەدەستی خاڵییەوە دەربچێت و گۆڕەپانەکە بۆ رکابەرە ئەزەلییەکەى کە بارسێلۆنایە جێبهێلێت .
یانەى ریاڵ مەدرید لە ڕووى بەرگریییەوە بێهیوایەکى گەورە ڕووى تێکردوە ، هێلێکى بەرگری لاواز و پڕ لە کەم و کوڕی ناونیشانى تیپەکەیە، لە ڕووى هێرشبەریشەوە هێشتا بەتەواوى چالاک نین و لە ئاست چاوەڕوانیەکان نین ، بە پێچەوانەوە یانەى بارسێلۆنا تیپێکى رێکخراو و خاوەن ئایدیا و بیرۆکە و شێوازى یاریکردنن ، پلان و ئامانجێکیان هەیە و لە یاریگاشدا بەتەواوى هەستى پێدەکرێت، یانە کەتەلۆنیەکە ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات، لە هەموو ئاستەکاندا سەرکەوتوو بووە، چ لە ڕووی ڕێکخستنی بەرگری و چ لە ڕووی کاریگەری هێرشبردنەوە.
ئێستا لە لالیگا یانەى بارسێلۆنا پێشەنگى ریزبەندییە و چوار خاڵ لە پێش ڕکابەرەکەیەتى کە ئەویش یانەى ریاڵ مەدریدە ، لە ڕووى جێگیرى ئاست و تەکتیک و پلانیشەوە لە مێرێنگى باشترن ، لە جامى شاى ئیسپانیاش هەردوو یانە گەشتوون بە یارى کۆتایی و چاوەڕوان دەکرێت 26 ى ئەم مانگە هەردوو یانە لە یاریگاى لاکارتۆخا لە سیفییا بجەنگێن لە پێناو یەکلاى کردنەوەى ئەو نازناوە .
دەکرێت ئەو یارییە بۆ ریاڵ مەدرید ببێت بە خاڵى وەچەرخان ، ببێت بە خاڵى یەکلاى کەرەوە ، بە بردنەوە یان بەشکست کاریگەرى تەواو لەسەر تیپەکە دروست بکات ، بە بردنەوە لە بارسێلۆنا ریاڵ مەدرید هەم نازناوەکە دەباتەوە هەم لە ڕووى دەرونییەوە دەگەڕیتەوە بۆ ڕکابەرییەکان ، شکستیش لەو یارییە هێندەى دیکە دۆخى مەدرید پەرێشان دەکات، ئەنجامى یارى کۆتایی جامى شاى ئیسپانیا بۆ ریاڵ مەدرید زۆر گرنگە شکست لەو یارییە واتاى زۆر هەڵدەگرێت ، بەماناى لەدەستدانى تەنها نازناوێک نایات بەڵکو ڕووخانى مۆراڵى یاریزانەکان و پاشەکشەیە لە کێبرکیى بارسا.
لە خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپاش یانەى ریاڵ مەدرید ڕووبەرووى ئاڵنگارییەکى قورس دەبێتەوە کاتێک بەرانبەر بە یانەى ئارسێناڵ یارى دەکات کە ئەم وەرزە لە ژێر دەسەڵاتى ئارتیتا یەکێکە لە تیپە زلهێزەکانى ئەوروپا ، ئەو یارییەش بۆ قەڵاى سپى ئاڵنگارییەکى دیکەیە ، هەرچى بارسایە بە جێگیرى و بە شێوازى نویى هانسى فلیک لەگەڵ بروسیا دۆرتمۆند یارى دەکات و تاڕادەیەک دەرونیان ئارامەو هیچ گوشارێک و پرێسکیان لەسەرنیە .
هاندەرانى یانەى شاهانە ترسیان هەیە ئەم وەرزە ریاڵ مەدرید بە بێ هیچ نازناوێک کۆتایی بەرکابەرییەکان بهێنێت و بارساش هەیمەنەى خۆى بسەپێنێت و تەواوى نازناوەکانى لالیگا و شا و چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP