رۆژنامەیەکی ئێرانی هەڕەشەی کوشتن لە ترەمپ دەکات

جیهان
21:03 - 2025-04-07

ڕۆژنامەیەکی ئێرانیی نزیک لە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە هەڕەشەی کوشتن لە ترەمپ دەکات و وتەبێژی حکومەتی ئێرانیش دەڵێت بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە زیان لە ئاسایشی وڵات دەدات و بەهۆیەوە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەرمان.
ڕۆژنامەی كەیهان كە ڕۆژنامەیەكی نزیک لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانە، بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لەم ڕۆژانەدا لە تۆڵەی خوێنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قوودسی سەر بە سوپای پاسداران، تەقە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت, چونکە کوشتنی ترەمپ کارێکە لەلای خودا پەسەندکراوە و پێویستە.
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەى ئەو هەواڵە دەستەی چاودێریی ڕۆژنامەوانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئێران هۆشداریی داوەتە ڕۆژنامەكە و دەڵێت: بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە بابەتانە زیان بە ئاسایشی ئێران و شكۆ و بەرژەوەندییەكانی دەگەیەنێت, تۆڵەی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی تەنیا لەڕێگەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە دەبێت، ئەویش بە بردنی ترەمپ بۆ بەردەم دادگایەكی نێودەوڵەتی.
هەروەها فاتیمە موهاجەرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند: بڵاوکراوەیەکی لەم شێوەیە زیانە بۆسەر ئاسایشی وڵات و بەهانەیەک دەدات بە دەست ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنەسەرمان.
لە وەڵامى ئەو هەواڵە ڕۆژنامەی فۆكس نیوزی ئەمریكی ئاماژەی بەوە كردووە، نابێت ترەمپ هیچ دانووستانێك لەگەڵ ئێران بكات، لەكاتێكدا هەڕەشەی تیرۆركردنی لێ دەكرێت.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP