جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: هەرچەندە ئەمڕۆ كۆتا رۆژ بوو بۆ ئەو حزب و هاوپەیمانێتیانەی دەیانەوێت بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا بكەن، بەڵام ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، ماوەی تۆماركردنی حزب و هاوپەیمانێتییەكانی تا رۆژی 14ـى ئەم مانگە درێژكردەوە.
وتیشی: پێناچێت هەموو ئەو حزب و هاوپەیمانێتیانەی پێشتر لای كۆمسیۆن تۆماركراون، بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن، بۆیە ئەوانەی ویستی بەشداریان هەیە، پێویست بوو جارێكی دیكە سەردانی كۆمسیۆن بكەن و خۆیان تۆمار بكەنەوە.
دەربارەی ژمارەی حزب و هاوپەیمانێتییەكانیش كە پێشتر لای كۆمسیۆن تۆماركراون، وتەبێژی كۆمسیۆن ئاشكرای كرد: "لەساڵی 2015ەوە هەتا ئەمڕۆ ژمارەی لایەنە سیاسییە تۆماركراوەكان 330 حزبن، داواشیان لێكراوە بۆ مەبەستی نیشاندانی ویستی بەشداریان سەردانی كۆمسیۆن بكەن، لەو ژمارەیەش هەتا ئەمڕۆ 70 حزب و هاوپەیمانی سیاسی كە لە دامەزراندان و 80 حزب و هاوپەیمانی پێشوو داواكاری بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردن پێشكەش كردووە، هەروەها 5 هاوپەیمانی نوێش تۆماركراون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP