ئەمڕۆ، هێزی ئاسمانی عێراق بە فرۆکەی جەنگی،
گورزێکی توندی لە چەکدارانی داعش وەشاند و مۆڵگەکانیانی لە ناوچەکانی وادی شای و
هەفتەغار لە سنووری نێوان قەزاکانی داقوق و خورماتوو بەچڕی بۆردومان کرد. لە
ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەدا، شەش چەکداری داعش کوژران و چەندین مۆڵگەیان
خاپوور کران.
عەقید محەمەد مەردان، بەڕێوەبەری پۆلیسی داقوق،
پشتڕاستی کردەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە هات دەزگای هەواڵگری لە شەوی
رابردووەوە بەوردی چاودێری جموجۆڵی چەکدارەکانی کردووە.
راشیگەیاند پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، مەفرەزەیەکی
داعش لە شەش چەکدار پێکهاتبوون، لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی عێراقەوە کرانە ئامانج
و سەرجەمیان کوژران، هاوکات چەند مۆڵگەیەکیشیان بەتەواوی وێرانکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد جگە لە کوژرانی ئەو شەش
چەکدارە، هێشتا زانیاری ورد لەسەر زیانەکانی دیکەی بۆردومانەکە لەبەردەستدا نییە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP