یەكێتی له‌ نه‌ینه‌وا پۆستێكی دیكه‌ی وه‌رگرت

عێراق
16:43 - 2025-05-04


یەكێتی پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەیەك لە پارێزگای نەینەوا وەردەگرێت و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكەش رایدەگەیەنێت: "بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن ئەو پۆستە بەر یەكێتی دەكەوێت و بەم نزیكانەش دەستبەكار دەبێت".

محەمەد كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەفراكسیۆنی یەكێتی، بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  راگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پۆستی بەڕێوبەری ناحیەی وانكێی لە پارێزگای نەینەوا وەرگرت و یاسر عساف حەسەن كرایە بەڕێوەبەری ناحیەكە".

"پارێزگاری نەینەوا فەرمانی كارگێڕی بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی وانكێ دەركردو رێكارە كارگێڕییەكان تەواو بوون و بەم نزیكانە دەستبەكار دەبێت" محەمەد كاكەیی وادەڵێت.

راشیگەیاند: "ئەمەش لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە كارگێڕییەكانی پارێزگاكەدا بوو كە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن ئەو پۆستە بەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەوێت". 

ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاریدا چەند گۆڕانكارییەكی كارگێڕی لەپارێزگای نەینەوادا بكرێت، لەو چوارچێوەیەشدا پۆستەكانی قائیمقامی مەخمور و بەڕێوەبەری ناحیەكانی وانكێ و سنونی بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوتن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP