بڕیارە ئەمڕۆ یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ڕۆژنامەی
وەقائیعی عێراقدا بڵاوبکرێتەوە، بەوەش یاساکە بە رەسمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند: رۆژی (5-5-2025)
ژمارەی نوێی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاودەکرێتەوە و یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە
لە ڕۆژنامەکەدا بڵاودەکرێتەوە.
هەرچەندە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعدا
یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی
شیعە دەڵێن: دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە یاساکە نیسابی یاسایی تەواونەکردووە
و تێپەڕاندنی یاساکە نایاساییە، بەوهۆیەش لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایان تۆمارکردووە.
رۆژی 14-4-2025 و دوای 12 ساڵ لە دواخستنیی بە هۆکاری
جۆراوجۆر، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، 29ی نیسانیش
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئیمزا لەسەر یاساکە کرد و ڕەوانەی وەزارەتی دادی
کرد بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقدا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP