ئەمڕۆ شەممە 2025/5/10 سەرۆکى ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە رێى تۆڕى کۆمەڵایەتی زە تروس رایگەیاند:" هندستان و پاکستان بە نێوەندگیرى ئەمریکا ئاگربەستیان راگەیاندووە".
دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth Social رایگەیاند:" بە نێوەندگیرى ئەمریکا دوای شەوێکی درێژ لە دانوستانەکان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە هیندستان و پاکستان گەیشتوونەتە ئاگربەست".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەئەوەدا:" پیرۆزبایی لەهەردو وڵات دەکەم، کە لۆژیک و داناییتان بەکارهێنا و سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم دانوستانە".
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند:" لەگەڵ هیندستان لەسەر ئاگر بەست رێککەوتوین".
ئەم ئاگربەستە دواى ئەوەدێت لە رۆژى 2025/5/6سوپاى هندستان هێرشی موشەکى کردە سەر چەند ناوچەیەکى پاکستان و لەبەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد:" ئۆپراسیۆنی سندوور_یان بەئامانجی لێدان لەژێرخانی تیرۆرستان دەستپێکردووە، کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێن و لەوێوە پیلانی هێرشی تیرۆرستی بۆ سەر هندستان دادەنرێت".
لە ئەنجامى ئەوەدا لانیکەم 19 کەس لە هیندستان کوژراون، 61کەسیش برینداربوون، هەروەها لە پاکستان لانیکەم 118کەس کوژراون و 108ی دیکە برینداربوون.
پێش ئەوەش رۆژی 22ی مانگی رابردوو، لە هەرێمی کشمیر 26 گەشتیاری هیندۆس بە دەستی چەند چەکدارێکی پاکستانی کوژران، هیندستان پاکستانی خەتابارکرد و هێرشى کردنە سەر.
ململانێی نێوان هندستان و پاکستان لەسەر هەرێمی کشمیر ئەوکات دەستیپێکرد، کە هەرێمەکە سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرت، بەڵام دواتر هندستان دوو لەسەر سێی هەرێمەکەی کۆنترۆڵ کرد و پاکستانیش یەک لەسەر سێی کۆنترۆڵ کرد، ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ هەڵگیرسانی جەنگی نێوانیان، کە تاوەکو ئێستا سێجار لەساڵەکانی ( 1947 تا 1949 و 1965 و 1971 ) جەنگیان لەسەر هەرێمەکە بەرپاکردووە، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام ئاڵۆزی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لەو ناوچەیە روودەدات و ناوەناوەش دەگاتە پێکدادان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP