تورکیا: تێچوی شەڕ لەگەڵ پەکەکە نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلار بووە

جیهان
13:33 - 2025-05-14

جێگری سەرۆك کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: بە پێی ئامارە نارەسمییەکان تێچوی شەڕی پەکەکە نزیکەی دو ترلیۆن دۆلار بوە و دەشڵێت: بە وریاییەوە دامەزراوە ئەمنییەکانیان چاودێری پڕۆسەی چارەسەریی دەکەن.

جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆك کۆماری تورکیا لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی تەرەتەتە نیوز ڕایگەیاند: شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکە تێچوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیی هەیە، بە پێی داتا نارەسمییەکان تێچوی شەڕەکە نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلار بوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، شەڕی تورکیا و پەکەکە، زیانێكی زۆری بە خەڵكی ناوچەکە گەیاندوە، بە تایبەت لە ڕوی ژیان و ئابورییەوە، هەربۆیە پڕۆسەی چارەسەریی زۆرترین قازانج بە ناوچەکە دەگەیەنێت.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ئێستادا گەیشتونەتە قۆناغێكی نوێ، بەڵام هێشتا پڕۆسەی چارەسەری تەواو نەبوە، هەربۆیە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانیانەوە بە وریاییەکی زۆرەوە چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.

ئەوەش لەکاتێكدایە، لە هەشت ساڵی ڕابردودا تورکیا بنکە و بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر کردوە و لەشەڕەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە، درۆن و فرۆکەی جەنگی و تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتووی بەکارهێناوە، کە ئەوەش تێچووی زۆر هەبوە و زیانی زۆری بە ئابوری تورکیا گەیاندووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP